لەسەر راپۆرتێک دژی هاوسەری قوباد تاڵەبانی
شنیار ئەنوەر ئیدانەی دەزگایەکی ئێران دەکات
درەنگی شەوی رابردوو ئاژانسی هەواڵیی میهر نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران راپۆرتێکی لەسەر پەیوەندی قوباد تاڵەبانی و هاوسەرەکەی لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بڵاوکردەوە و شێری هاوسەری قوباد تاڵەبانی بە سیخوڕی مۆساد ناودەبات.
مانشێتی راپۆرتەکە دەڵێت، "چیرۆکی دزەکردنی مۆساد بۆ نێو سلێمانی، هاوسەرە جووەکەی قوباد تاڵەبانی کێیە؟
دەقی راگەیەنراوەکەی شنیار ئەنوەر
بەتوندی ئیدانەی راپۆرتەکەی دەزگای میهری ئێرانی دەکەم
دەزگای رۆژنامەوانی میهری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە راپۆرتێکی چەواشەکاری و پر لە تۆمەت و بەدور لە هەموو ئاکارێکی رۆژنامەوانی و پیشەیی، بەدور لە ئاکاری ئیسلامی و دراوسێیەیی و دبلۆماسی، راپۆرتێکی پر لە چەواشە و زانیاری نادروست و ئاژاوەگێری لەسەر بەرێز جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، بڵاوکردۆتەوە و کۆمەلێک چیرۆک و سیناریۆی بێ بنەمای خستۆتەروو.
من وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە توندی ئەو راپۆرتە ئیدانە دەکەم و داواش لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم رونکردنەوەی خۆیان بدەن و رێگە نەدەن چەند کەس و دەزگایەک بەناو میدیاوە پەیوەندی دۆستانە و دراوسێیەتی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران تێکبدرێت بە فیتی هەندێ کەس و هێز ناوخۆی لە هەردوولا.
ئێمە بونی پەیوەندیەکی تەندروست و ئاشتیانە لەگەڵ دراوسێکانمان بەرز دەنرخێنین، لە سودی هەموانە خۆمان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر بپارێزین، رێز لە عورفی دبلۆماسی و دراوسێەتی بگرین، دەستبردن بۆ سەرکردەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەما بەتایبەت بەرێز قوباد تاڵەبانی، پێشێلکاری تەواو عورفی دبلۆماسیی یە و دەبێت رابگیرێت.
شنیار ئەنوەر
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
21/12/2025
