هاوسەری حاكمی دوبەی بە 35 ملیۆن یۆرۆوە داوای مافی پەنابەری دەكات
شاژنە هەیا، هاوسەری محەمەد بن راشد حاكمی دوبەی دوای حەوت رۆژ لەهەڵهاتنی بۆ ئەڵمانیا، داوای پەنابەرێتی و مافی مانەوە لەو وڵاتە دەكات.
"رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، شاژنە هەیا – ی تەمەن 45 ساڵ كە هاوسەری محەمەد بن راشد، حاكمی دوبەیەو هاوكات خوشكی شا عەبدوڵای پادشای ئوردنە، لەگەڵ كچ و كورەكەی ماوەی حەوت رۆژە هەڵهاتوون بۆ ئەڵمانیا"
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە، شاژنە هەیا – ی تەمەن 45 ساڵ كە هاوسەری محەمەد بن راشد، حاكمی دوبەیەو هاوكات خوشكی شا عەبدوڵای پادشای ئوردنە، لەگەڵ كچ و كورەكەی ماوەی حەوت رۆژە هەڵهاتوون بۆ ئەڵمانیا.
بێڵد دەڵێت، شاژنە هەیا لەگەڵ زایدی كوڕی و جەلیلەی كچی كەتەمەنی 11 ساڵە بە 35 ملیۆن یۆرۆوە، لەڕێگەی دبلۆماتكارێكی ئەڵمانیاوە ئێستا لەبەرلین-ن و داوای مافی پەنابەری كردوە.
رۆژنامە ئەڵمانیەكە باسی لەوەشكردووە، بەرپرسانی ئیمارات داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا كردووە شاژنەكەیان رادەستبكەنەوە، بەڵام ئەو داوایەیان ڕەتكراوەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێكی دبلۆماسی نێوان هەردو وڵات.
بێڵد، لەسەر ئەو بابەتە زیاتر نوسیوویەتی و دەڵێت، بەگەیشتنیشی بۆ ناو ئەڵمانیا شاژنە هەیا داوای جیابونەوەی لەمحەمەد بن ڕاشد كردوە.
"ئەمە یەكەمین هەوڵی هەڵهاتنی هاوسەری حاكمی دوبەی نییە كە خاوەنی 10 ملیار یۆرۆیە"
رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە، ئەمە یەكەمین هەوڵی هەڵهاتنی هاوسەری حاكمی دوبەی نییە كە خاوەنی 10 ملیار یۆرۆیە، بەڵكو لەڕابردووشدا لەگەڵ كچێكی دیكەی بن راشد هەوڵی هەڵهاتنیان بۆ ئینگلتەرا داوە بەڵام شكستیهێناوە.
شاژنە هەیا ساڵی 2004 لەكۆشكی بەرەكە لەعوممانی پایتەختی ئۆردن، ژیانی هاوسەرێتی پێكهێناوەو گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ محەمەد بن راشد حاكمی دوبەی ئەنجامداوە، بێڵد نووسیویەتی:" چونە دەرەوەی ئەمیرەهەیا دەرباز بوونە لە قەفەزی ئاڵتونی."
شازادە هەیا كێيه؟
شازادە هەیا كچی شا حوسێن بن تەڵاڵ پادشای پێشووی ئوردن لە هاوسەرەكەی ( شاژنە عەلیا) 3ی ئایاری 1974 لە دایكبووە، لە باوكەوە برای شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئێستای ئوردنەو كاتێك تەمەنی سێ ساڵان بووە دایكی ساڵی 1977 بەهۆی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی لە باشوری ئوردن گیانی لەدەستداوە.
"شازادە هەیە لە بواری وەرزشی سوارچاكیدا زۆر لێهاتوو بووەو چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا بەدەستهێناوەو ساڵی 2006 بۆ ماوەی چوار ساڵ بە سەرۆكی یەكێتی سوارچاكی نێودەوڵەتیی هەڵبژێدراوەو باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بووە"
شازادە هەیا لە ئوردن قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوكردووەو پاشان ساڵی 1985 چوەتە خوێندنگەی بادمنتۆن لە ئینگلتەراو پاشان خوێندنگەی براینستۆن لە هەرێمی دۆرست لە باشوری خۆرئاوای ئینگلتەراو ساڵی 1992 چوەتە كۆلێژی سانت هێڵدا بۆ خوێندنی زانستی ئابوریو سیاسیو دوای ئەوەش پەیوەندی بە زانكۆی ئۆكسفۆردەوە كردووەو ساڵی 1994 زانكۆی تەواوكردووە.
محەمە بن راشد كێیە؟
محەمەد بن راشد ئال مەكتوم جێگری سەرۆكی ئیماراتە، هاوكات سەرۆك وەزیرانو حاكمی ئیمارەتی دوبەی-یە.رۆژی 15ی تەموزی 1949 لە دوبەی لەدایكبووە، كوڕی سێیەمی شێخ راشد بن سەعید-ە، شێخ راشد چوار كوڕی هەبووەو لەنێوان ساڵانی 1958وە تاوەكو ساڵی 1990 حاكمی دوبەی بووە.
شێخ محەمەد لە ماڵی شێخ سەعید ئال مەكتومی باپیری لەناوچەی (شەندەغە) لە بیابانی دوبەی گەورە بووە، لەمنداڵییەوە لەسەردەستی راهێنەرانی تایبەتی زانستی زمانی عەرەبیو ئیسلامی وەرگرتووە، ئەمە بەر لەوەی پەیوەندی بە سیستمی خوێندنی بنەڕەتییەوە بكات لە خوێندنگەی (ئەحمەدی) لەناوچەی (دیرە) لە شاری دوبەی.
كاتێك تەمەنی گەیشتووەتە (10) ساڵان، چوەتە خوێندنگەی (الشعب)و دوو ساڵ لەوێ خوێندویەتیو دواتر چوەتە خوێندنگەی ناوەندی دوبەی، ساڵی 1965 خوێندنی ناوەندی تەواو كردووە.
دوای ساڵێك، شێخ محەمەد بەهاوڕێیەتی یەكێك لە كوڕە مامەكانی گەشتی كردووە بۆ بەریتانیا بەمەبەستی خوێندنی زمانی ئینگلیزی، لەوێ لە كامبردیج پەیوەندی بە خوێندنگەی (بیڵ)ی تایبەت بە زمانەوە كردووە.دوای تەواوكردنی زمانی ئینگلیزی، شێخ محەمەد پەیوەندی بە كۆلیژی (مۆنز)ی سەربازییەوە كردووە لە ئالدرشوت، لەوێ خولێكی راهێنانی تەواوكردووە كە شەش مانگی خایاندووە.





