شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی لەهەژماری تاببەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوك وتارێکی سەبارەت بەبۆردومانەکانی تورکیاو شەهید بونی ژمارەیەک هاوڵاتی هەرێم بڵاوکردوەتەوە لەژێر ناوی "بەسیەتی شەرمەزاری"، کە رەخنە لەدەسەڵاتدارانی کوردستانو عێراقو یەکێتی دەگرێو دەڵێت "ئەوپەری گەوجیە هەندێك وابزانن، كە ئەركی بوون بە سەرۆك هەر تەنیا ئەوەیە وەك گسكی كارەبایی خەریكی هاتووچۆبن لەسەر كومبارە سوورەكان و هەندێكی تریش وابزانن بە فزە نەكردنیان بەرامبەر بە سوڵتانەكان ئەتوانن تا دنیا دنیایە پشكەكانیان لە كۆمپانیاكاندا بپارێزن !".
ئەمەی خوارەوە دەقی نوسینكەكەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە:
بەسیەتی شەرمەزاری..
لە كاتێكدا كە گشت حزب و لایەن و كوتلە و هاوپەیمانە سیاسیەكانی عیراق و هەرێم سەرقاڵی شەڕە كورسین، سوپای بێگانە فركان فڕكانیەتی لە سەرزەمینەكەماندا، ئەوان بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاسا و رێسایەك ،بە بێ گوێدانە بۆنە و مانگە ئاینیە پیرۆزەكان و بە بێ دانانی هیچ بەهایەك بۆ هاوسێیەتی هەمیشە رق و كینەی ناخە ڕەشەكانیان بەسەر خەڵكی بێتاوانی گوندو شارو شارۆچكەكانماندا خاڵی ئەكەن، بێ دەنگی حوكمڕانانی ئەم ناوچەیەی كە هەر بەناو وڵات و دەوڵەته كارێكی وای كردوە كە تەنانەت بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزانیشەوە لە كاتی بەربانگدا جورئەتی ئەوە بەخۆیان بدەن كە بماندەنە بەر تۆپ و لەجەژندا بوردمانمان بكەن و لە كاتی شكست هێنانیان لە هەڵبژاردندا ژن و مندالی بێتاوانی گەلەكەمان شەهید بكەن ..!!
نازانم ئەو بێدەنگی و ترس و سەرشۆرییە بۆ..!! تێ ناگەم ئەو هەموو شەڕە بۆ لە پێناو بەدەستهێنانی كورسی لەم وڵاتەدا ئەكرێت كە نە ئەرز و نە ئاسمانی هی خۆی نیە..؟! و چۆن دانیشتن لەسەر كورسیەك لە سەرزەمینێكدا كە هیچ شكۆیەكی بۆ دانەنرابێت و نەپارێزرابێت ئەتوانێت شكۆ ببخشێتە كورسی و خاوەن كورسیەكان.. !!
بێ گومان ئەوپەری گەوجیە هەندێك وابزانن كە ئەركی بوون بە سەرۆك هەر تەنیا ئەوەیە كە وەك گسكی كارەبایی خەریكی هاتووچۆبن لەسەر كومبارە سورەكان و هەندێكی تریش وابزانن بە فزە نەكردنیان بەرامبەر بە سوڵتانەكان ئەتوانن تا دنیا دنیایە پشكەكانیان لە كۆمپانیاكاندا بپارێزن ..!!
ئەگەر چی من هەرگیز چاوەڕوانی هەڵوێست و كردار لە كەسانێك ناكەم كە بە درێژایی مێژو لە ئەلف و بێی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری تێنەگەیشتبن و هەرگیزا و هەرگیز ئومیدم بەوانە نیە كە حورمەتیان لە موزایەدیەكی كراوەدا بە كورسیەك گۆریبێتەوە و بە تەمای هیچ كاردانەوەیەكیش نیم لەوانەوەی كە تەنانەت لەبەستنی كۆنگرەی حزبەكەشیان ئەترسن بەڵام دیارە خەڵكی نیگەرانن لەو بێدەنگیەیان..!!
دوێنی لە كاتی بەشداری كردنمدا لە پرسەی شەهیدانی ئەو تاوانە قێزەوەندە خەڵكی داوای هەڵوێستیان لەو بە ناو سەركردانە ئەكرد ، لە راستیدا دڵم نەهات پێیان بڵێم كە ئەوانەی ئێوە داوای هەڵوێستیان لێ ئەكەن هەر ئەوانەن كە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا گرێبەستی چاوپۆشیكردنیان لە قڕ كردنتان واژۆ كردوە و بەڵێنی سەرشۆڕیان داوەتە بكوژی ئازیزانتان و پاكانە بۆ دەستدرێژی كردنە سەر خاك و گەلەكەمان دێننەوە..!!
شاناز برایم ئەحمەد
٢٩-٦-٢٠١٩
