نوێترین

recent

16/04/2019

تاقانەکەی ئەنفال سکاڵا لەسەر سەرۆککۆمار تۆمار دەکات




تاقانەکەی ئەنفال دەڵێت ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە هەمان ئەو گۆڕەیە کەو ئەوی لێ دەربازبووە، جەختیش دەکاتەوە لە ساڵی 2009ەوە ئاگاداری گۆڕە بەکۆمەڵەکەیە و “تووڕەیە” لەوەی بەبێ ئاگاداری ئەو گۆڕی کەسوکارەکەی هەڵدراوەتەوە.

تەیمور عەبدوڵا، کە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو ڕزگاریی بووە، باس لەوە دەکات ئەو گۆڕەی لە سەماوە دۆزراوەتەوە، هەمان ئەو گۆڕەیە کە ئەوی تێدا ڕزگاربووە و ئێستاش ڕووفاتی کەسوکاری ئەوی تێدایە.

تەیمور دەڵێت" لە ساڵی 2009 لە ژێر چاودێریی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق سەردانی ئەو ماڵە عەرەبەی کردووە کە ئەویان ڕزگارکردووە، دواتر سەردانی گۆڵە بە کۆمەڵەکانیشێ کردووە، بە وتەی ئەو، سەردانەکەی بە وێنە و ڤیدیۆ دۆکیۆمێنتکراوە.

تەیمور عەبدوڵا ئەحمەد، لەکاتی پەلاماری ئەنفالدا تەمەنی 12 ساڵ بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا لە گەرمیان گیران و ئەنفالکران، رەوانەی بیابانەکانی پارێزگای سەماوە کران و لە دەمەو ئێوارەیەکدا بەکۆمەڵ گوللەبارانکران. دایک و خوشکەکانی لەگەڵ هەموو خەڵکەکەی تردا لەگۆرێکی بەکۆمەڵدا خرانە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە، تەیموریش بەبرینداری لەو کۆمەڵکوژیە ڕزگاری بوو، دوای سێ ساڵ لەداڵدەدانی لەلایەن خانەوادەیەکی عەرەبەوە، بەهۆی سەربازێکی کوردەوە دۆزرایەوە و دواجار گەڕێندرایەوە بۆ گەرمیان.

تەیمور دەڵێ "من دەمێکە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەم دۆزیوەتەوە و گۆڕەکان گۆڕى کەسوکارى منە و لەهیچ عادات و عورفێکدا نەبووە کە کەسێک بێت گۆڕى کەسوکارت هەڵبداتەوە و ئاگادارت نەکەنەوە و بەبێ ئاگادارى من چوونەتە سەر گۆڕەکان،” تەیموور وادەڵێت.



تاقانەکەی ئەنفال گلەیی لە سەرۆک کۆماریش هەیە و دەڵێت: “کاک بەرهەم دەبووایە یەکەم کەس لەسەماوە بچووایە بۆ لاى ئەو ماڵە عەرەبەى کە منیان رزگار کرد، نەک بچێت بۆ لاى پارێزگار و دەبوو ئەو ماڵە عەرەبانەى کۆبکردایەتەوە و لەگەڵ ئەوان دابنیشتایە و بەئاگادارى خۆم و بە بوونى من لەو شوێنە کارەکە بکرایە.”

هەروەها تەیمور باس لەوەدەکات سکاڵای یاسایی دژی سەرۆک کۆمار و ئەو تیمە تۆماردەکات کە سەردانی گۆڕە بە کۆمەڵەکەیان کردووە، ئەو دەڵێت: “هەتا من هەبم کەس بۆى نیە دەستکارى ئەو گۆڕانە بکات، چونکە 110 کەسى من لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدان هەر لەخوشک و دایک و پور و ئامۆزا و هەموو کەسێکى من.”

تەیمور ڕێگە نادات ڕووفاتی کەسوکاری لە ئێستادا بهێندرێنەوە خاکی کوردستان، ئەو دەڵێت “هەتا جاش و موستەشارەکان، کە ئێستا لەناو حزبەکاندا پۆست و پلەی بەرزیان هەیە، دادگایی نەکرێن، ڕێگە نادەم ڕووفاتەکان بگەڕێندرێنەوە کوردستان، سەرەتا بەڕێگای یاسایی هەوڵی خۆم دەدەم، ئەگەر پێویستیش بکات خۆم دەچمە ئەوێ و پاسەوانیی گۆڕەکان دەکەم.”



لە هەفتەی ڕابردووەوە دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابانەکانی سەماوە پرسێکی گەرمە، لە ساڵڕۆژی ئەنفالیشدا بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراواندا سەردانی شوێنی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کرد.



Picsart-24-02-23-21-31-09-085