درۆی بێ برەو
کاوێز مەلا پەروێز
نەمدەویست هیچ بنووسم، بە تایبەت لەسەر خەڵکێکی بچووک، وەلێ بۆ خۆشەویستیی کەرکووک خۆم پێ نەگیرا. ئاخر ناکرێ لەم سەردەمە لەسەر شاشەی میدیاکان خەڵک هەبن هێندە ڕوویان قایم بێت بەو جۆرە درۆی زل و قەبە بکەن، کە پێیانوایە؛ خەڵکی ئەم شارە قوربانیدەرە هێندە گەوجە ئاسان باوەڕ بە درۆی ئەم و ئەویان دەکات.
لە وەڵامی چەواشەکاری شاخەوان
یەکەم:
بۆ ئەوەی ڕاکان جبوری بەسەر کەرکووکدا بسەپێندرێ، ئیڕادەی زۆرینەی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگەی شارەکە پەکخرا.. ئەوە دوێنێ بوو، کەرکووکییەکان چاک دەزانن کێ بوو دەرفەتی زێڕینی بە ڕاکان جبووری بەخشی و سەپا.
دووەم:
چونکە دەیانزانی پەتی درۆ کورتە، خەڵکی وەک ئێمەش پەرۆش بۆ ئایندەی شارەکە کەوتینە ئاشکراکردنی ئەو کلک گرێدانە، هەم لەگەڵ ڕاکان هەم لەگەڵ تورکیا. لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگە لە کۆتایی ساڵی دوو هەزار و بیست و سێ گروپی شاخەوان پێویستیان بە درۆی تر هەبوو، بۆیە دەستیاندایە چەواشەکردنی رای گشتی لە ژێر ناو و ناونیشانی دژایەتیکردن و لادانی ڕاکان سەعید. پێش هەڵبژاردنیش ئۆینێکیان لەسەر بارەگەکەی پارتی نایەوە و ژمارەیەک گەنجی ئەم شارەیان بە دەستی ئەحبابەکانی ڕاکان بە کوشتدا، تەنیا بۆ ئەوەی دوو دەنگ زیاد بکەن کە چەند هەزارێکیان کەم کرد؟!
سێهەم:
ئێستا ئەم برادەرە کە هەگبەکەی پڕ لە درۆیە درۆیەکی تری پێوە ناوە، گوایە ئەوان ڕاکان سەعیدیان لە پۆستی پارێزگەر خستووە! ئەمەیان بۆ هەر تاکێکی کەرکووکی پێکەنینێکی درێژی ئەوێ، درۆیەک کە کەم کەرکووکی هەیە نەزانێ ئێستاش پارتی و ڕاکان جبووری پێکەوە لە بەرەیەکدان دژ بەم ئیدارە و ئیڕادە کوردییە. بە جیا لە دادگەکانی ئێراق بە یەک ناوەڕۆک سکاڵایان لەسەر ئیڕادەی کوردی کەرکووک تۆمار کرد و، لە کاتی ئەو هەموو درۆیەی شاخەوان دا بە ئێستایشەوە لەبەر ڕاگرتنی دڵی جبووری پێکەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەیان کردووە.
چوارەم:
پێش پێکهێنانی ئەم ئیدارەیە بڕیار بوو و پێیان نەکرا بە موبارەکەی تورکیا هەر سێ لایەنی پارتی و ڕاکان و بەرەی تورکمانی چەند ساڵێکی تر پۆستی پارێزگەر بە ڕاکان ببەخشن. بۆ ئەوەیش کاکی چەواشەکار کە گوایە ڕاکانی لە پۆستەکە لاداوە خۆی لە کۆبوونەوەکاندا بووە. زانیارییەکانیشم بای ئەوەندەیە، بەو درۆ و فیشاڵە سەرکردەکانی پارتیشی بە هەڵەدا بردووە، وەک چۆن ئێستا ئەیەوێ بەم جۆرە لە چەواشەکارییە بۆ دوو دەنگ خەڵکی کەرکووک فریو بدات، کە ناتانێ..
خولاسە
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان ڕاستگۆیی پشتی درۆی شکاند، ئەمجارەیش درۆی بێ برەو هەر بە تەنیا سەری پارتی نا، سەری شاخەوان ـیش لە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان ئەخوات!
