نوێترین

recent

11/10/2025

کەی شەممە دێت ؟!!



لە نەخۆشخانەیەکی دەرونی پزیشکەکە لە نەخۆشەکەی پرسی

ئەمڕۆ چ ڕۆژێکە ؟

وەڵام ئەمڕۆ هەینییە

پزیشک ئەی بەیانی ؟

وەڵام هەر هەینییە

بە سەر سوڕمانەوە ئەی کەی شەممە دێت ؟

زۆر بە هێمنی نەخۆشەکە لە وەڵامدا وتی:

شەممە ئەوکاتە دێ ئەمڕۆمان جیاوازبێت لەگەڵ دوێنێ ، ئەوکاتەی هەنگاوێک لە دادپەروەری نزیک دەبینەوە ، ئەوکاتەی دادپەروەری ئەمڕۆ لە دوێنێ زیاتربێ و ستەمی دوێنێ لەهی ئەمڕۆ کەمتر، تەنها ئەوکاتە شەممە دێت دکتۆر .

  ئەگەرچی لە ڕوکەشدا ئەم دیالۆگە زۆر سادە خۆی پێشاندەدات ، بەڵام لە جەوهەردا فەلسەفەیەکی قوڵ دەشارێتەوە : نەخۆشەکە دەربارەی تێکچونی هاوسەنگی لە بیرەوەری و تێڕوانینی شێواوی خۆی بۆ کات قسە ناکات ، بەڵکو باس لە تێکچونی هاوسەنگی و تێڕوانینی شێواوی جیهان دەکات ، لە بەرامبەر غیابی هۆشیاری دادپەروەرانەو کاریگەریەکانیچەمکی گۆڕان . لەم دایالۆگەدا کات تەنها تێپەڕینی کاتژمێرەکان و چرکە ساتەکان نیە ،بەڵکو درێژبونەوەیەکی مۆڕالیە ، جارێکیتر دەخزێتەوە نێوان بۆشاییەکان و بەهەڵوێست پڕیان دەکاتەوە، هەڵوێست بەرامبەر ئەوانیتر ، هەڵوێست بەرامبەر بوون تا دەگاتە هەڵوێست بەرامبەر سروشت و گەردون ، ئەم هەڵوێستانە تا ئاوس نەبن بە گۆڕان ، هەمیشە بە پوچی دەمێننەوە وهەرگیز هیچ مانایەکی مۆڕاڵی قوڵ، بە کات نابەخشن . بۆیە داماڵینی گۆڕان لە هەڵوێست تەنها بە تاڵ کردنەوەی نیە لە مانا ، بەڵکو فڕێدانی کاتە بۆ نێو بەستەڵەکی مێژوو .

  لێرەوە کات لە پێوانە و بژاردنی نێوان مەسافەوە ، دەگۆڕێ بۆ بابەتێکی مۆڕاڵی بە ئیمتیاز ، هیراکلیتیس دەڵێت : “ هەموو شتێک دەگۆڕێ و هیچ شتێک وەکو خۆی نامێنێ “ بەڵام کاتێک دوبارە بونەوە دەبێتە یاسا ،ئەوکاتە گۆڕان دەبيتە وەهم وخەونێکی ئەبەدی، ئێمە دەکەوینە بەردەم کاتێکی مردوو ، وەک نیچە لە بیرۆکەی گەڕانەوەی سەرمەدیدا باسی دەکات ، مرۆڤ ئیتر دەکەوێتە دوبارە بەرهەم هێنانەوەی هەڵەکان و کڵۆمدانی ئاسۆی چارەسەری ناسۆری و ئازارەکانی .

  لە بەرامبەردا کاتی زیندوو بەسەر دووبارەبونەوەدا تێدەپەڕێ و بازدەدات ، ئەمەش وادەکات بەیانی ڕۆژێکی نوێ و ڕوداوێکی تازەبێت لە ئاگامەندیماندا ، نەک تەنها ژمارەیەکی ئاسایی سەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکان ، ئەوە ئەو کاتەیە تیایدا ڕۆژەکانی ، تەنها بە بڕیئەو دادپەروەریە پێوانە دەکرێ ، کە بۆ بەیانیمسۆگەری دەکەی و بەدەستی دەهێنێ ، یان بە بڕی ئەو ستەمەی دەتوانی لەسەر خۆتی لابدەی و بیسڕیەوە فۆکۆ پێیوایە “ مێژوو بە گوتاری سیاسیەکان و ئاڵوگۆڕی ڕوخسارەکانجوڵەناکات ، بەڵکو بە گۆڕانی ڕێشەیی نەخشەڕێی دەسەڵات و زانین بەڕێوەدەچێ “ ئەوکۆمەڵگایەی دەسەڵاتدارەکانی ئاڵوگۆڕ پێدەکات بەبێ دەست بردن بۆ بونیادیکۆنکرێتی سیستەمی دەسەڵات ، گرەوی گۆڕانکاری و ژیانێکی باشتر لە دوێنێ ناباتەوە ، بەڵکو دوێنێ بە بەرگێکی نوێوە دوبارەدەکاتەوە . ستەم کات دەکات بەژێر دەستو پێی دەسەڵاتدارانەوە ، لە پنتێکی جێگیرو نەگۆڕدا ، وەکو بتێکی ناشیرین دایدەکوتێ ،لێرەوە چیرۆکی دوبارەبونەوەیەکی بێزارکەر دەستپێدەکات ، دوبارەبونەوەی ستەم دوبارەبونەوەی نادادی ، دوبارەبونەوەی گەندەڵی و دزی و پێشێل کردنی ماف و کەرامەت و دوبارەکردنەوەی حیکایەتە قێزەونەکانیخیانەت و بازرگانیکردن بە خاک و خۆفرۆشی ، ئیتر فەزای گشتی خۆڵبارانی بێ مۆڕاڵی دایدەگرێ ، تۆزو خۆڵی ئەم کەشە خنکێنەرە ، کێرڤی بێشەرمی دەسەڵاتداران تا ئەوشوێنە بەرزدەکاتەوە ، چارەگە سەدەیەک ، تا نیو سەدە و بگرە زیاتر لە سەدەیەکی پڕ ، لەسەر کورسی ستەم و نادادی دابنیشن . مێژوو لە سێبەری دەسەڵاتی ئەم جۆرە سیستەمانە ، هەر زوو پەتکە دڕکی دەپسێ و بەیەکجاری لە جوڵە دەکەوێ ، شەممە دەبێت بە سەراب و لە مانای ڕۆژێکی نوێ بەتاڵدەبێتەوە و دادەچۆڕێ .

  جەلالەدینی ڕۆمی ڕاستی فەرموە کاتێک دەڵێت : “ هەر ڕۆژێک لە نوێوە تیایدا لەدایک نەبیەوە ، ئەوە ڕۆژێکە تیایدا نەژیاوی “ بێگومان لێرەدا مەبەست دووبارە لەدایکبونەوەی بایۆلۆژی نیە ، بەڵکو بەردەوام نوێبونەوەی ڕوحی و کلتوریە، هەر کۆمەڵگەیەک توانای گۆڕانکاری و نوێبونەوە لەدەست بدات ، ڕۆژەکانی وەک لاپەڕەسپیەکانی مێژووە ، هێشتا هیچی تێدا نەنوسراوە ، چاوەڕوان ناکرێ شەممەش هیچی تێدا بنوسێ .

  لە وەڵامی نەخۆشەکەوە شەممە تەنها ڕۆژێک نیە ، بەڵکو دەبێتە سیمبولی گۆڕان و هەستانەوە ، ئەو ڕۆژەیە ئیتر دابڕان دروست دەکات لەگەڵ دوێنێدا ، بازنەی دوبارەبونەوە هەڵدەتەکێنێ و مانایەکی نوێ بە کاتدەبەخشێتەوە ، تیایدا مرۆڤ پێش ئەوەی چاودێری کاتژمێرەکەی دەستی و ڕۆژمێرەکەیبەردەمی بکا ، چاودێری هۆشیاری ویژدانی دەکا ، وەک چۆن بەلای ئیدمۆندهوسرڵ وە کاتتەنها زنجیرەیەک ئێستا )ی جۆراوجۆر نیە ،وەک بابەت لە دەرەوەی خود ، بەڵکوتاڤگەیەکی بەردەوامی بونیادی خودیهۆشیاریە ، تێیدا ڕابردوو و ئێستا وداهاتوو لەناو ئەزموونی هۆشیاریدا بە تێکەڵاوی هەڵدەڕژێن .

   لە کۆتایدا ، وەڵامدانەوەی پرسیارێکی لەم جۆرە ، لە وڵاتی ئێمەدا وەک سۆنەری هۆشیاری بە کۆمەڵە ، پێش ئەوەی بچینە ژێر سکانی دەستنیشانکردنی دەردە کوشندەکە ، ئێمە لە هەینییەکی بەردەوام و ئەبەدیدا دەژین ، هەینییەکی داخراوی دوبارە ، لانیکەمی زیاتر لە سی ساڵە دروشمەکان دەگۆڕێن ، فۆڕم و ئاڕمو ڕەنگ و سیماکان دەگۆڕێن ، بەڵام هەینی هەر هەینییە : هەمان ستەم ، هەمان نادادی ، هەمان ترس و تۆقاندن و دزی و گەندەڵی و تاڵانی ،هەمان چاوەڕوانی نادیار و بێئومێدی بێزارکەر. ئێمە کۆمەڵگەیەکین پێمان وایە ،هەڵگێڕانەوەی لاپەڕەیەکی ڕۆژژمێر بەسە ، بۆ ئەوەی بچینە ناو ڕۆژێکی نوێ ، ئاهەنگ بۆهاتنی ساڵێکی نوێ دەگێڕین ، بەڵام ساڵی کۆنمان مێخ زنجیر کردوە وەک بتێکی پیرۆز،هەمیشە لە کڕنۆش دا وەستاوین و دەستەو دوعا بۆ ئەوەی تێنەپەڕێ . شەممە بە نمایشی کۆمیدی هەڵبژاردن و بڕیاری سیاسی و مژدەی درۆینە نایەت دڵنیابن ، بەڵکو بە وەرگرتنەوەی جڵەوی کات دێ لە دەست دەستەبژێری بێ مۆڕاڵی سیاسی ، ئەوکاتەی چیتر ڕۆژەکان بەوە ناپێوین چی ڕویداوە ، ساڵ بە ڕوداوە دووبارەکان ناناسینەوە ، بەڵکو بە گۆڕانکاریەکان لە خۆماندا ، بە بێدارکردنەوەی هۆشیاری بە کۆمەڵ ، جارێکیتر شوناسی ڕۆژوساڵەکان دیاریدەکەینەوە . لێرەوە ئیتر کات دەبێتە زنجیرەیەکی گرێدراوی مۆڕاڵی بێدوایەکی ، کۆمەڵگەکەمان لە نەخۆشخانەیدەرونی دوبارەوە دەست بە جوڵە دەکات ، ڕووەو کاتی مێژووی ڕاستەقینە . شەممە چیتر ڕۆژێک نیە دوای هەینی بێت بەڵکو ئیتردابڕانێکی بە ویقاڕە ، لە پێناو بەدەستهێنانەوەی باڵادەستی کات ، لە خزمەتدادپەروەری مرۆڤایەتیدا .

Picsart-24-02-23-21-31-09-085