نوێترین

recent

15/04/2019

لە هەولێر سێ کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن 7 ساڵان


وڵات _ ڕوداو

لە هەولێر سێ نەوجەوان دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر کچێکی تەمەن حەوت ساڵان، کە قوتابی پۆلی دووەمی بنەڕەتییە. 
سێ نەوجەوانەکە رۆژی 3ـی ئەم مانگە لەڕێگەی گەڕانەوەی لە قوتابخانە ئەو منداڵەیان رفاندووە، دوای بێهۆشکردنیشی لە چۆڵەوانییەکی گەڕەکەکەی خۆیاندا دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەری. دوای سێ کاژێر هەر بە بێهۆشی لە نزیک ماڵی خۆیان و لەژێر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا فڕێیدەدەن.

کچەکە چیرۆکی رفاندنی باسدەکات و دەڵێت "منیان خستە نێو ئۆتۆمبێل و حەبیان پێدام، چەقۆشیان خستە سەر ملم، دواتر لەژێر لۆرییەک منیان فڕێدابوو. چوومە ماڵەوە بە دایکمم گوت، ئەویش یەکسەر داخی کردم و لێیدام".

بەهۆی پێدانی حەبی بێهۆشکەر بە منداڵەکە، رەوشی تەندروستی تاوەکو چوار رۆژ ناجێگیر بووە. باوکی لەدوای پشکنین سکاڵای لەسەر پێنج کەس تۆمارکردووە، کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان  زڕدایکی کچەکەیە. باوکی کچەکە دەڵێت، پێشتریش زڕدایکی منداڵەکە چەند جارێک هەوڵی خنکاندنی داوە و یەکێک لە نەوجەوانەکانیش خزمی نزیکی کچەکەیە.

باوکی کچەکە دەڵێت "داوام ئەوەیە ئەو کەسانە بە تووندترین شێوە سزابدرێن. هیچم لەگەڵ خێزانەکەشم نەکردووە و هەر لە ماڵەوەیە".

بەگوتەی بەڕێوەبەری قوتابخانەی کچەکە، زیاتر لە حەوت جار پۆلیس و ئاسایشیان ئاگادارکردووەتەوە کە چەند نەوجەوانێک گێچەڵ بە قوتابییەکان دەکەن، بەڵام کەس دەستگیرنەکراوە.

پۆلیس دوای چەند رۆژێک بەپێی مادەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی پوورزایەکی کچەکەی دەستگیرکردووە.

رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت "دەستبەجێ دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد و کەسێکمان دەستگیرکرد. ئەو کەسانەی رفاندوویانە خوار تەمەن 18 ساڵن و لە هەوڵداین بۆ دەستگیرکردنی دوو کەسەکەی دیکەش".

بەپێی زانیارییەکان، ساڵی پار برای یەکێک لەو نەوجەوانانە لە هەمان قوتابخانە کچێکی دیکەی رفاندووە.

لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا ئەوە پێنجەم حاڵەتی دەستدرێژیکرنە سەر منداڵانە و هەندێک لەو کەسانەش دەستگیرکراون. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085