نوێترین

recent

05/03/2019

ئەمنەسورەکە هەموو زیندانیانی لێنەبوو



گێرانەوە: عوسمان گوڵپی


دایکم هەمیشە چاوی لەدەرگای حەوشەکەمان بوو، یەکێك بێت و لە زیندانەوە هەواڵێکی دوو کوڕە تازە پێگەشتوەکانی بۆ بێنێت، چاوی لەوەبوو خۆیان بکەن بەدەرگادا،  ئاخر بۆ دایك تەنها بە قسە ئاسانە دوو جگەری لە زیندانەکانی دڕەندەترن دەسەڵاتدار بن.

کە ڕاپەڕین گەيشتە سلێمانی و ئەمنە سورەکە گیرا، هێشتا ئاڵای کۆتایی هاتنی شەڕ هەڵنەکرابوو دایکم خۆی گەیاندە ئەمنە سورەکە، چونکە بەئومێدی کردنەوەی دەرگای زیندانیی کاراوی کوڕەکانی.


ڕاپەڕین کە بووە هۆی سەرەتای دەستپێکی ژیانێکی ئاسودە بۆ هەزاران کەس بەڵام  بوو بە یەکەم وێستگەی  بێهیوایی دایکم و باوکم ، چونکە ئەو زیندانەی کە پێمان وابوو براکانمانی لێیە، شکاو ئەوانی لێ نەبوو. بەبێ ئەوەی بزانین بەرلە ڕاپەڕین دوو براکەم و ۲٤ هاوڕێیان کە بە (شەهید کەیوان و هاوڕێکانی) ناسران، لە ئەمنی سلێمانی گولـلە باران کراون و بەپلەی شەهیدی گەشتون..

براکانی من نە پرسەیان بۆ دانراو  نە نە تەرمەکانیانمان بینیەوە ، ئێستاش  نەمانزانی لە کوێ نێژراون، من  دەزانم ئازاری دایک و باوکم سەختە ،چونکە وێڕای ئەوەی دوو کوڕیان شەهید بوون و کاك بەکری برام شەش مانگ لە ئەبو غرێب بوو، ئێستاش نەمانزانی لە کوێ بەعس ژێرخاکی کردون بۆ ئەوەی تادواسات چاوەڕوانیت  بەیەکجار کۆتایی بێت، چونکە دایك هەرگیز باوەڕ ناکا بەبێ گۆڕ وا بە بێ بەزەیی و دڕندانە رۆڵەکانی ژێرخاک نرابن.



Picsart-24-02-23-21-31-09-085