
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی
دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی راپەڕین و یادەكانی
ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راپەڕین پەیامی روونی كوردستانییان بوو بۆ
هەموو جیهان، كە ژێردەستەیی قبووڵ ناكرێت و ئەگەر كوردستان یەكدەنگ بێت هەمیشە سەركەوتن
بەسەر زوڵم و داگیركاریدا مسۆگەر دەبێت.
لە ساڵڕۆژی راپەڕینی ساڵی 1991 و یادەکانی
ئادار مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە:
"ئادار مانگی راپەڕین و قوربانیدان و نوێبوونەوەی ئومێدە بۆ خەڵكی كوردستان.
لە ئاداردا گەلی كوردستان دژی ستەمكاری و داگیركاری وەستایەوە و قۆناخێكی نوێ لە ژیانی
سیاسیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان هاتە كایەوە، كە لە راپەڕینە مەزنەكەی
ئاداری 1991 بەرجەستە بوو".
سەرۆکی پارتی دەشڵێت:"هەر لە
مانگی ئاداردا یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەكەینەوە. هەڵەبجە برینێكی قووڵە لە جەستەی
میللەتەكەمان و نیشانەی دڕندەیی و بێ ویژدانیی دوژمنانە. هەڵەبجە دەنگی مەزڵوومییەتی
گەلی كوردستانە لە سەدەی ڕابردوودا و هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە ئاست ئەو تاوانە
گەورەیەی دەرهەق گەلی كوردستان كراوە".