
دوای دەستبەسەرداگرتنی ئۆفیسی كەناڵی زووم و بردنی كەرەستە و ئامێرەكانی پەخش و كاركردنی لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە لە دوای ڕووداوەكانی لالەزار، سەنتەری میترۆ ئەو هێزە بە هی سەرۆكی یەكێتی ناو دەبات و داوای لێ دەكات "هێزەكەی" بینای كەناڵەكە چۆڵ بكات. میترۆ دەشڵێت "چارەنووسی كەناڵی ZOOM نادیارە و 200 كارمەندی لە دڵەڕاوكێدان".
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "سەنتەری میترۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كەناڵی زووم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار، ڕەت دەكاتەوە. داوا لە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات، فەرمان دەربكات هێزەكەی بیناكە چۆڵ بكەن و ڕادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكەنەوە".
میترۆ ئاماژە بەوە دەكات، پاش دەستبەسەركردنی كەناڵی زووم لەلایەن هێزێكی چەكدار، چارەنووسی كەناڵەكە و كارمەندانی لەبەردەم چەند ئەگەرێكدایە كە بەهێزترینیان دووبارەكردنەوەی ئەو ماماڵەیەیە كە لە ساڵی 2021 لەگەڵ كەناڵی iPLUS پەیڕەو كرا.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووس و بەرگریكاری مافی مرۆڤ، بە هاوكاریی ڕێكخراوی پەیمانگای ڕۆژنامەنووسانی جەنگ و ئاشتی IWPR ـی ئەمریكی دامەزاروە. لەو كاتەوە 14 ڕاپۆرتی ساڵانەی دەربارەی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری بڵاو كردووەتەوە.
پاش ڕووبەرووبوونەوە خوێناوییەكەی بەرەبەیانی 22ی ئابی 2025ی شاری سلێمانی و كۆنترۆڵكردنی ئۆفیسی سەرەكیی بەرەی گەل و ماڵی لاهوور شێخ جەنگی، هێزێكی ئەمنی هەڵی كوتایە سەر ئۆفیسی كەناڵی زووم، بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی پەخش و كۆمەڵێك لە ئامێری تریان زەوت كرد و گواستیانەوە، كە هێشتا بە تەواوی جۆر و ژمارەیان نازانرێت.
سەنتەری میترۆ دەڵێت "بەرلەوەی هێزەكە ئۆفیسەكە كۆنترۆڵ بكەن، پەیامیان بۆ ناردوون كە هێزی چەكدار دێنە سەر كەناڵەكە. پێش گەشتنی هێزەكە، كارمەندانی زووم بیناكەیان چۆڵ كردووە".
هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری كەناڵی زووم، بە میترۆی وتووە "داوا دەكەین هێزە ئەمنییەكە كەناڵەكە چۆڵ بكەن و كەرەستەكانی بگەڕێننەوە".
كەناڵی زووم لە شوباتی 2022 مۆڵەتی لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق و حكومەتی هەرێم وەرگرتووە. لە 29ی ئابی هەمان ساڵ لە سۆشیال میدیا خۆیان ناساند. لە 25ی حوزەیرانی 2024 پەخشی كەناڵەكەیان دەستی پێ كرد. پەخشی كەناڵەكە لەهەریەك لە نووسینگەكانی بەغداد و هەولێر و سلێمانی پێكەوە دەكرێت. 200 كارمەندیان هەیە. تاوەكو كاتژمێر 10ی بەیانی 22ی ئاب لە پەخش بەردەوام بوو.
ئەمە دووەم كەناڵی لاهوور شێخ جەنگییە لەلایەن هێزی ئەمنی و سەربازیی یەكێتییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. پێشتریش دوای پێنج ڕۆژ لە ڕووداوەكانی 8ـی تەمووز و لە ئێوارەی 13ی تەمووزی 2021دا، هێزێكی ئەمنی هەڵی كوتایە سەر كەناڵی iPLUSـی لاهوور شێخ جەنگی، بینای كەناڵ و كەرەستەكانی زەوت كرد.
پاش یەك ڕۆژ، كەناڵی iPLUS خرایە سەر مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی و بینای كەناڵەكەش لۆگۆی كەناڵی ئاسمانیی گەلی كوردستانی پێدا هەڵواسرا. لە 18ی كانوونی دووەمی 2024، لەناو بینای كەناڵی iPLUS و بە پشتبەستن بە بەشێكی زۆری كەرەستە و كارمەندانی، بە درووشمی "ئێوە شایەنی ڕاستین"، پەخشی كەناڵێكی نوێ (كەناڵ8) دەستی پێ كرد.