نوێترین

recent

03/03/2019

ئیسرائیل: رێگە بە مانەوەی ئێران لە سووریا نادەین

بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە كردە سەربازییەكانی لەدژی ئامانجەكانی ئێران و لایەنگرانی لە سووریا بەردەوام دەبێت، رێگەیش بە مانەوەی سەربازیانەی ئێران لە سووریا نادات.
نەتنیاهۆ لە دانیشتنێكی حكوومەتی ئیسرائیل گوتی، هەفتەی رابردوو چاوم بە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا كەوت لە مۆسكۆ و گفتوگۆمان لەبارەی چەند پرسێك كرد لەوانە دۆسیەی ئێران و بە مۆسكۆمان راگەیاند كە رێگە بە مانەوەی سەربازی ئێران لە سووریا نادەین و لە كردە سەربازییەكان لەدژی بەردەوام دەبین.
دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل و رووسیا هاریكار دەبن بۆ كردنەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەكان لە سووریا لەگەڵ بەردەوامبوونی هێڵێكی پێوەندی سەربازی لە نێوان تەلئەبیب و مۆسكۆ بۆ ئەوەی كێشە و بەریەككەوتنی سەربازی لە نێوانیان روو نەدات.

دوای هەشت ساڵ لە راپەڕینی خەڵكی سووریا لەدژی بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا، دوای دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەكە و ئەمەریكا و رووسیا خەریكە دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی ئەسەد یەكلا دەبێتەوە، هاوكات ئێران بوونێكی بەهێزی سەربازی لەپاڵ حزبوڵای لبنانی لە سووریا هەیە و ئەوەیش ئیسرائیلی نیگەران كردووە.   
لە ماوەی چەندساڵی شۆرشی سووریا، ئیسرائیل چەندان هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ئامانجەكانی ئێران و حزبوڵای لبنانی بە مەبەستی رێگرتن لە گواستنەوەی چەك بەتایبەتی بۆ سنوورەكانی، بەڵام وەك لە ساڵی رابردوو رووی دا كە لەكاتی هێرشێكی ئیسرائیل، فڕۆكەیەكی گواستنەوەی سەربازی رووسیا بە ئاگری بەرگری ئاسمانی سووریا كەوتە خوارەوە و ژمارەیەك سەربازی رووسیا كوژران و ئەوەیش پێوەندی رووسیا و ئیسرائیلی ئاڵۆز كرد.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085