نوێترین

recent

01/11/2016

کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: شەش مانگی دیکە گۆڕان نامێنێ



سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، نەوشیروان مستەفا، مەلابەختیار بە ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان دەزانێت و ئەو پەیامەی لە کەناڵی (KNN)ی گۆڕانەوە بۆ مەلابەختیار نێردراوە، لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا بووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، لەلایەن ھەڵسوڕاوە باڵاکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە نەوشیروان مستەفا لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە مەلابەختیار لەناو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدا، رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان دەکات.

مەلابەختیار یەک لەو سەرکردە دیارانەی یەکێای بوو کە بە ئاشکرا دژی رێککەوتنی سیاسیی یەکێتی و گۆڕان بوو و وەک سەرچاوەیەک گوتی (پێی وابووە ئەو رێککەوتنە تەسلیمبوونی یەکێتییە بە گۆڕان، لەکاتێکدا دەبوو گۆڕان لەو دۆخەی کە تێی کەوتووە خۆی رادەست بە یەکێتی بکات، بەڵام سەرکردەکانی یەکێتی سازشیان بۆ نەوشیروان مستەفا کردووە).

سەرچاوەکە راشی گەیاند، ئێستا نەوشیروان مستەفا زۆر نیگەرانە لە مەلا بەختیار و ئەو نیگەرانییەشی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی گۆڕان نەشاردووەتەوە.

لەمبارەیەوە بێستوون فایق، پەرلەمانتاری گۆڕان، کە پێشتر بێژەری کەناڵی (KNN) بووە، بۆ (باس) رای گەیاند (KNN) کەناڵی فەرمیی گۆڕانە، کەواتە زمانحاڵی فەرمیی گۆڕانە، بەڕێوبەرەکەی کە سەرپەرشتیی دەکا، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانە، لەبەرئەوە ئەو بابەتانەی کە لە (KNN) دەگوترێن و تەلەڤزیۆنەکە دەیڵێت، تەعبیر لە رای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکا، تەنیا ئەوانە نەبێت کە میوانن و قسە لە (KNN) دەکەن ئەوە رای خۆیانە، گوتیشی: "ئەوەی مەلابەختیار لەبارەی بابەتی دانیشتنی ٢٣ حوزەیران کردی، نەدەبوو بیکات، بەڵکو دەبوو باس لەوە بکات بۆ پەرلەمان وای لێ ھاتووە؟ بۆچی ساڵێکە پەکی کەوتووە؟ بێ پەرلەمانیی خراپە و گونجاو نییە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوە راستە کە لەسەرەتاوە مەلابەختیار رای باشی لەسەر رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان نەبووە، گوتی: "ھەموومان دەزانین بڕیاری فەرمی لەناو یەکێتی لای مەلابەختیار نییە، کە بتوانێ کاریگەریی خراپ بکاتە سەر رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، لەبەرئەوە مەلابەختیار تەنیا قسەی پێیە و رای فەرمیی پێ نییە، رێککەوتنیشمان لەگەڵ یەکێتی ماوە و بەردەوامە".

لای خۆشیەوە، ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە وتارێکیدا، کە لە سایتی چاودێری نزیک لە مەلابەختیار، بەناوی (ھژا تکلم گۆڕان بڵاوی کردووەتەوە) تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە ھیچ یەکێ لەو گۆڕانخوازانەی تا دوێنێ ئەوانیان بە تۆتالیتار و خۆشیان بە (غاندی و لۆسەر) دەزانی، بەرامبەر بەم ھەڵوێست و سیاسەتە نوێیەی بزووتنەوەکەیان نەک ھەر دەنگیان لێوە نایەت، بەڵکو خۆشیان لێ کردووە بە کەڕەی شەربەت، نووسیویەتی: "ئاخر ناکرێ سەرلەبەری ھەڵسوڕاوانی حزبێکی مۆدێرن، کە بە حسابی خۆیان چەندین تێڕوانینی نوێیان بۆ سیاسەت و فەلسەفەی حوکمڕانی ھەیە لە کوردستان، کەچی سەرنجێ یا رەخنە و تێبینییەکیان لەسەر مەسەلەیەکی ھەرە گرنگ و ھەرە ھەستیار، کە چارەنووسی بزوتنەوەکەیانی پێوە بەندە، نەبێت! تۆ بڵێی دەنگدەر و ھەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە ھێندە نەزان بن، نەزانن شەش مانگی تر شتێک نەماوە بە ناوی بزوتنەوەی گۆڕان و ھەموو ئۆرگانەکانی جڤات و رایەڵە و بازنە، بوون بە کۆمیتە و مەڵبەند و مەکتەب!".

بەڵام ئازاد تۆفیق، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە دوای وەزعی ناوخۆی ئەم دواییەی یەکێتی، چانسی دەرگا کردنەوە بە ڕووی گۆڕاندا رۆژ لەدوای رۆژ روو لە کزییە، نووسیویشیەتی: "ئاخۆ ئەوە ئێمەی ئەندامان و کادرانی یەکێتی بووینەتە کۆرس و حزبی قاز و بێ ئیرادەین، ئەوە ئێمەین حزبێکی ستالینی و نادیموکرات و نائازادین، وەک ئەوەی حەوت بەھارە ئەم بزووتنەوەیە پێمان دەڵێ! یا ئەندام و ھەڵسوڕاوانی حزبێکی ترن".

لای خۆشیانەوە شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی فەرمیی ناوندی بڕیاری یەکێتی، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوەی لەنێوان گۆڕان و مەلا بەختیار دروست بووە کێشەی شەخسییە، گوتیشی: "ئەوە شتی شەخسیی بەینی ئەوانە، بۆیە ئێمە ھەڵوێستمان نەبووە، بە کێشەی شەخسیی دەبینین".


سایتی باس نیوز
Picsart-24-02-23-21-31-09-085