

یەکێک لەفەرمانگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بایکۆت بشکێنێت، نوێنەری فەرمانبەرانیش ئاماژە بەوەدەکات، بەڕەچاوکردنی بارودۆخی ھاوڵاتیان و ھەستیاریی کاری دادنوسەکان، بۆ چەند ڕۆژێکی دیاریکراو دەرگا بەڕوی ھاوڵاتیاندا دەکاتەوە، سەرۆکی فەرمانگەی دادنوسەکانی سلێمانیش زانیاری زیاتر ئاشکرادەکات.

پارێزەر بژار ئەمین نوێنەری دادنوس و فەرمانبەرانی دادنوسەکانی سلێمانی ڕایگەیاند، "پاش گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەری سەرجەم فەرمانگە دادنوسەکانی سنوری سلێمانی، بڕیاردرا بەشێوەیەکی کاتی و بەگوێرەی پلانێک بگەڕێنەوە بۆ دەوام، بەڵام بەڕێگە مەدەنیەکان بەردەوامدەبین لەداواکردنی مافەکانمان".
وتیشی:"بەھۆی ھەستیاری کاری فەرمانگەکەمان کە پەیوەستە بەکاروباری ڕۆژانەی ھاوڵاتیان ئەو بایکۆتە شکێندرا، ھەفتانە دوو ڕۆژ بۆ دەوامکردن دیاریکراوە، تائێستاش بڕیاری لەسەر شکاندنی بایکۆتی یەکجاری نەدراوە".
سەبارەت بەشێوازی دەوامکردنیشیان، دالیا محەمەد سەرۆکی فەرمانگەی دادنوسەکانی سلێمانی ئاشکرایکرد، "دوشەممەو سێشەممەی ھەموو ھەفتەیەک، دادنوسەکان دەوامدەکەن و کاروباری ھاوڵاتیان ڕایی دەکەن".