
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" دەكات، دەست لەكاروباری نێوخۆی هەرێمی كوردستان وەرنەدات و چەكدارانی خۆی لە شنگال بكێشێتەوە. دەشڵێ، پەكەكە لە زۆر ناوچەی كوردستان بوونەتە هۆی دروستكردنی كێشە لە هەمبەر كاروباری هاووڵاتیان و حكوومەت.
(سەربەست لەزگین)، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی راگەیاندوە : "پێمان باشە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەست لە كاروباری هەرێمی كوردستان وەرنەدات، پەكەكە مافی ئەوەی نییە خۆی لەنێو هەرێمی كوردستاندا وەك خاوەن دەستەڵاتێك ببینێ و ببێتە رێگر لە هەمبەر كاروباری نێوخۆی هەرێمی كوردستان، دەخوازین پەكەكە بە شێوەیەكی عاقڵانە سیاسەتی خۆی بەڕێوە ببات و، نەبێتە كۆسپلهبەردەم كاروبارەكانمان".
(لەزگین) گوتیشیەتی: "دیارە تا ئێستا چەكدارانی پەكەكە نیەتی ئەوەیان نییە لە دەڤەری شنگال بكێشنەوە، كێشەش تەنیا شنگال نییە، بەڵكوو لە زۆر ناوچەی دیكەی هەرێمی كوردستان كێشە دروست دەكات، داوا دەكەین پەكەكە دەست لە سیاسەتە شاشەكەی بەردات بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان و نەبێتە سەرچاوەی كێشە بۆ هاووڵاتیان و حكوومەتی هەرێم".