نوێترین

recent

26/10/2016

مەلا بەختیار: هەوڵی تیرۆركردنم لەئارادایە



بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی چیرۆکێکی خۆی دەگێڕێتەوە کە 11 ساڵ پێش ئێستا هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و دەڵێت "ئەم هەوڵە تیرۆریستییە لەبەر دوو هۆ دژمان ئەنجامدرا". دەشڵێت ئێستاش هەوڵی تیرۆركردنی لەئارادایە.

رۆژی سێشەممە 25-10-2016، مەلابەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چیرۆکێکی خۆی لەژێر ناوی "11 ساڵ لەمەوبەر" بڵاوكردووەتەوە.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نووسیویه‌تی "کاتژمێر08:37 خولەکی رۆژی 25-10-2005، لە ماڵ هاتمەدەر بۆ چوونە دەوام (ئەوكاتە ماڵمان لە گردەكەی سەرچنار بوو)، گەیشتینە كۆتایی گردەكە بەرامبەر هۆتێل (ئەبو سەنا)، لەپڕ لە چاوتروكانێكدا ئۆتۆمبێلێك لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەكەمان تەقییەوە، دوای چركەیەك ئۆتۆمبێلێكی دیكە لەپێشماندا تەقییەوە. دوو ئۆتۆمبێلی قەمەرە و دوو خۆكوژ تاوانەكەیان ئەنجامدا، كە دابەزیم دیمەنێكی جەرگبڕم دی، پارچەپارچەی لەش، دەست ‌و قاچی لەت لەت".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە "هەردوو ئۆتۆمبێلەكە داغان بووبوون، لە رووداوەكەدا سێ پێشمەرگەمان برینداربوون. كرێكارێك دوور لە رووداوەكە، پارچەی بەركەوتبوو، شەهیدبوو. بە دەیان ماڵیش پەنجەرەیان ورد و خاش بوو، خانەنشینیمان بۆ خانەوادەی كرێكارەكە بڕییەوە، زۆربەی زیانی ماڵەكانمان قەرەبووكردەوە، بریندارەكانیش چاككرانەوە".

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دوو هۆكاری بۆ هێرشەكە نووسیوه‌ یه‌كه‌میان دەركردنی تەعریبی خانەقین، چونكە ئیدی كەمترین كەس مانەوە لە خانەقین، تیرۆریستەكان تاوانیان پێ ئەنجام بدەن. بەشێكی ئەو تەعریبە دەركراوانەش بووبونە تیرۆریست.

دووەمیان خەباتی رۆشنگەریی‌ و سیكولاریزم، دژی ئیسلامگەرا و سەلەفییەكان، كە لەنێو كۆمەڵەوە 10-6-1970 و لەنێو شۆڕشدا 1976 باوەڕم پێبوو، لەدوای راپەڕینیشەوە، بەشێك بوون لە ئەركە دیموكراسییەكان.. لای من!.

ناوبر او وتویه‌تیشی " بێگوومان نەك لەسەر ئەو بیروباوەڕە پاشگەز نیم، بەڵكو گەلەكەم دەزانێ‌، سوورترم، دەریشكەوت، ئەوانەی مەترسی سەلەفییەتیان نەدەزانی لە حكومەت ‌و حیزب ‌و رێكخراوەكان، تەنانەت میدیا و نووسەرانیش، چ هەڵەیەكی كوشندەیان لە چارەكە سەدەی رابوردودا كردووە، هێشتا ئەو هەڵەیە چارەسەری ستراتیژی نەكراوە. بۆیە، كارەساتی دیكەش لەسەر دەستی سەلەفییەكان، بەشێوە و نێوەڕۆكی جیاواز بەڕێوەیە".

مەلا بەختیار نووسیەتی "چەند ناخۆشە، لەمەرگی سەداسەد گەڕابیتەوە، چەند بەرپرسێكی باڵای نێو یەكێتی، تەنانەت بە تەلەفۆنیش هەواڵیان نەپرسین. ناشبێ‌ بۆ مێژوو، ئەوەش نەڵێم: مانگێك لەوەوبەر، زانیاری هەبوو كە هەوڵی تیرۆركردنم لەلایەن قاعیدە و تیرۆریستانەوە لەئارادایە. داوای ئۆتۆمبێلی درعم كرد، نە حكومەت بۆی كڕیم و نە یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدا هی وا هەبوو ئۆتۆمبێلی درعی بۆ كڕابوو، شایەنی ئەوە نەبوو بە بەرازیلیش هاتووچۆ بكات، دوایی جەزرەبەشی لە یەكێتی دا!!".  
Picsart-24-02-23-21-31-09-085