نوێترین

recent

09/08/2016

قادر عەزیز دەکرێتە بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە ھەولێر


قادر عەزیز لە شوێنی رزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکرێتە بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە ھەولێر، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتش دەڵێت:" ئەو پرسە لە دەستی مەکتەبی سیاسییە نەک ئێمە" 

رۆژی چوارشەممە 10-8-2016 لە شاری سلێمانی لە رێوڕەسمێکدا یەکگرتنەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبی ئایندەی کوردستان بەڕێوەدەچێت. 

سەرچاوەیەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاندووە:" دوای یەکگرتنەوەی یەکێتی و ئایندە بڕیارە قادر عەزیز بکرێتە بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکێتی لە ھەولێر، چونکە ئەو خۆی خەڵکی ھەولێرە لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە شارەزای ھەولێرییەکانە و جگە لەوە لە سەردەمی شۆڕش لە پێشمەرگەو کادیرانی یەکێتی نزیک بووە". 

سەبارەت دروستبوونی ئەگەری گرژی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ھەولێر ئەو سەرچاوەیە گوتی:" یەکێتی حسابی ھەستیاری دۆخی ھەولێر دەکات، ئەگەر لە رابردووش لە نێوان ھەڤاڵ قادر عەزیز و پارتی گرژییەک ھەبووبێت لە دوای یەکگرتنەوەی لەگەڵ یەکێتی نامێنێت، چونکە لەمەودوا ئەو سەرکردەیەکی یەکێتییە نەک سکرتێری حیزبی ئایندە". 

د.رێبوار ئیسماعیل جێگری مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی  راگەیاند:" تاوەکو ئێستا ھیچ زانیارییەکمان لە بارەی ئاڵوگۆڕی بەرپرسی مەڵبەند نییە، بەڵام ئەگەر شتێکی واش ھەبێت زۆر ئاساییە، چونکە دانانی بەرپرسی مەڵبەندەکان لە دەسەڵاتی مەکتەبی سیاسییە". 

رۆژی 2-8-2016 لە شاری سلێمانی حیزبی ئایندەی کوردستان بە بەشداری ٣٢٠ ئەندام پیلنیۆمی بەست بە فەرمی یەکگرتنەوەی خۆی لەگەڵ یەکێتی راگەیاند، جگە لە وەرگرتنی ژمارەیەک پۆستی حیزبی لە نێو یەکێتی، بڕیارە قادر عەزیز سکرتێری حیزبی ئایندەی کوردستان بکرێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و رۆڵی کارگێر ببینێت. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085