

قایمقامی چەمچەماڵ ڕایگەیاند ، ئەو چوار فڕۆکەی بۆردومانی گوندی گەڕاویان کردووە و ئاگرەکەى لێکەوتووەتەوە لە هەولێرەوە هاتوون.
ئامانج کەساس جەبارى قایمقامی چەمچەماڵ لهبهرنامهيهكى تهلفزيۆنى ڕایگەیاند ، دوێنێ چوار هێلیکۆپتەر سنورى ناوچەکەیان بەزاندووە و بۆردومانى گوندى گەڕاو و چەند ناوچەیەکیان کردووە و ئاگرکەوتووەتەوە و زەرەر و زیانى زۆر بەر ڕەز و باخ و پوشوپاوانى هاوڵاتیان گەیشتووە.
ئامانج کەساس وتیشی "بە پێی سەرچاوەکان و شایەتحاڵەکان کۆپتەرەکان لە هەولێرەوە هاتوون و دواى هێرشەکانیش ڕۆشتونەتەوە بۆ هەولێر".
قایمقامی چەمچەماڵ ڕاشیگەیاند، "فەرمانمانداوە بە هێزەکانى پۆلیس و گوندنشینان لە مەولا هەر کۆپتەرێک بێتە سنورەکە بە چەکى قورس و مامناوەند تەقە لە کۆپتەرەکان بکەن ، سەرجەم گوندەکان چەکى بیکەیسی و دۆشکەى تیادایە و دەتوانن تەقە لە کۆپتەرەکان بکەن".
وتیشی ئێمە پەیوەندیمان بە لایەنە بەرپرسەکانەوە کردووە و دوێنێش لە لایەن هێزەکانى پۆلیس و دژەتیرۆرەوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە.
قایمقامی چەمچەماڵ ئەوەشی وت "ئەمە جارى یەکەم نیە کە لە لایەن کۆپتەرە نەناسراوەکانەوە سنورەکەمان بۆردومان دەکرێن و چەندین جار پوشوپاوانیانى ناوچەکەیان سوتاندووە و بە بەرپرسانى سەرەوەى خوامانمان وتووە بەڵام تا ئێستا کەس خۆى نەکردووە بە خاوەنى کێشەکە ".