
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات کە هەموو ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لەلایەن دارایی عێراقەوە تەواو بوون و تەنها ماوەتەوە بڕیاری ناردنی پارەکە بدرێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای حزبەکەی راگەیاند: “لە وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ زانیاریمان وەرگرتووە، هەموو ڕێکارەکانی وردبینكردنی لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی کوردستان تەواو بوون و تەنیا ماوەتەوە بڕیاری ناردنی پارەکە بدرێت”.
باسی لەوەشکرد: “ئێستا هیچ کێشەیەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵیدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، کە گرفتی ڕەسیدی پارە هەیه و ئەویش بە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران دەکرێت و داوا لە بانکی ناوەندی دەکرێت، تا تەمویلی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت”.
دووبەردانی جەختی کردەوە: “بڕیاری خەرجکردنی مووچە دراوە و کێشەی نییە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا ناردن و گواستنەوەی تەمویله بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانیش تەواو دەکرێن و هیچ کێشەیەک نییه”.
لای خۆیەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاگەیاند: “تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەموو کارەکانی خۆیان تەواو کرد و گەڕانەوە هەولێر و چاوەڕوانی ناردنی تەمویلین”.