
ساڵی 2011، عیرفانی قانعی فهرد گفتوگۆیەكی لەگەڵ مەسعود بارزانی سازداوه، که لهبهرگی دوهمی یاداشتهکانی تالهبانیو رۆژنامەی "اعتماد"ی چاپی تارانیشدا بڵاوکراوهتهوه، لەبەشێك لەم گفتوگۆیەدا سەبارەت بەشەڕی براكوژیو 31ی ئاب پرسیار لەبارزانی كراوه.
*زۆربەی چاودێران ناكۆكی تۆو تاڵەبانییان وا لەقەڵم داوە كە لەسەر دەسەڵاتخوازیو هەژمونگەریتان بو بەسەر هەرێمەكەدا؟
ـ دەسەڵاتو پلەو پایە لای من بایەخی نەبوەو نیە.
*بەڵام وەك دەردەكەوێ تا ماوی سەركردەی بارزانیەكانیتو ماوەی 3 خولیشە سەرۆكی هەرێمی كوردستانیت؟
ـ من بەكودەتا نەهاتومو بەكودەتاش لاناچم، ئەگەر خەڵكی منیان نەوێت، لادەچم.
*بەڵام تۆ لەساڵی 1996دا بەنوسراو داوات لەحكومەتی عێراقو حزبی بەعس كرد كە لەڕێگەی سەربازییەوە لەبەرژەوەندی ئێوە تانكی عێراقی دەستبەكاربێتو روداوی تاڵی 31ی ئابی 1996 رویدا، ئایا ئەمە نیشانەی حەزكردنی ئێوە نییە لەزیادكردنی دەسەڵاتی پارتەكەتان، پارتی دیموكراتی كوردستان؟
ـ نەخێر، بۆ من یەكێتی كوردو كوردستان گرنگە نەك پارتی دیموكراتو یەكێتی نیشتمانی. بەلای منەوە میللەت حورمەتو بەهایەكی زیاتری هەیە لەحزبەكان. بەداخەوە ئەو روداوە تاڵانە رویانداو ناخوازم لەو بارەیەوە بدوێم.
*بەڵام لەشەڕی ناوخۆو براكوژیدا، زیاتر لە 11 هەزار كەس لەگەنجانی كورد بەدەستی هەردو حزبەكە كوژران؟
ـ وەك مێژونوسێك دەتوانی بانگم بكەیت بۆ دادگا، ئامادەم دادگایی بكرێم. ئەگەر بەدەستی گەلی كورد دادگایی بكرێم داوای لێبوردن دەكەمو دەڵێم كە ئەو شەڕە بەزیانی ئێمە بو، روداوێكی تاڵو پڕ لەنەهامەتی بو.
*جارێكیان لەپەرلەمانی كوردستان گوتت كە منو تاڵەبانی لەشەڕی براكوژیدا بێ گوناهین، بەڵام دەسەڵاتی هەردو حزبەكە لەدەستی تۆو تاڵەبانیدا بو، مەگەر دەكرێ بەبێ ئاگاداریو مۆڵەتی ئێوە هیچ بكرێت؟
ـ ئەگەر منو مام جەلال دادگایی بكرێین، رەنگە منو ئەو بێ گوناه بین، هەرچەندە شەرمەزارییە كە لەبەرپرسیاریەتی هەڵبێین، بەڵام ئیدی توشی ئەو روداوە بوینو پێویستە لێكۆڵینەوەی تیا بكرێت، بەهەر حاڵ وانەیەكی باش بو بۆ ئێمە.
*باشە، سەبارەت بەڕەخنەو داوەری مێژو دەربارەی ئێوەو ئەو روداوە تاڵە چ بنوسین؟
ـ سەبارەت بەوەی كردومە ویژدانم ئاسودەیەو بەباوەڕەوە لەپێناوی كوردو كوردستان كردومە، ئیتر مێژو هەر داوەرییەك دەیەوێ با بیكات، هەرچییەك دەنوسرێ گرنگ نییە. ناخوازم ئەو رۆژگارە تاڵە دوبارە بێتەوەو دەبێت هەوڵبدەین تەنانەت ئاماژەشی پێنەكەینو ئەو رابردوەمان فەرامۆش بكەین، كە ئینشاڵ نەوەكانی ئایندەمان توشی ئەو رۆژە رەشانە نابنو خۆزگە دەكرا لەمێژودا بسڕایەتەوە.
تێبينى وهرگێرانهكهى له ئاوێنهوه وهرگيراوه