

یەکێتی و گۆڕان جیدیین لە گۆڕینی پۆستەکانی سلێمانی، بەڵام کێشەی دەرکردنی مەرسوم لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە بوەتە بەربەست، بەپێی سەرچاوەیەک یوسف محەمەد دەتوانێت رۆڵی سەرۆکی ھەرێم بگێڕێت.
بەپێی رێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی سنوری سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان، دەبێت ھەتا ٢٠ی ئەم مانگە پۆستەکانیان گۆڕانکاریی پێبکەن کە دیارترینیان پۆستی پارێزگاری سلێمانیە.
بەپێی زانیارییەکان، کێشەی سەرەکی ئەنجامدانی گۆڕانکاریەکان، پۆستەکەی مەسعود بارزانیە، چونکە بۆ گۆڕینی پارێزگار و دەستبەکاربونی پارێزگاری نوێ دەبێت مەرسومی سەرۆکایەتی ھەرێم دەرچێت کە ئەم پۆستەش قسەی زۆری لەسەرە و گۆڕان دان بە شەرعیەتی بارزانی دا نانێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو حزبەو یەکێتی بەدوای دەرەچەیەکی یاسایی دا بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دەگەڕێن، لەئێستاشدا یەکێک لە دیارترین بژاردەکان ئەوەیە کە یوسف محەمەد مەرسوم بۆ پارێزگار دەربکات.
بەوتەی سەرچاوەکە، یوسف محەمەد بەگوێرەی یاسا، دەتوانێت رۆڵی پۆستی سەرۆکی ھەرێم لە پرسە یاسایی و دەستوریەکان بگێڕێ لەکاتی بونی بۆشایی لەو پۆستەدا و دەتوانێت مەرسومی دەستبەکاربونی کاندیدی پۆستی پارێزگاری نوێی سلێمانی واژو بکات کە دیارترین کەس ھەڤاڵ ئەبوبەکرە.
سەرچاوەکە وتیشی: جگە لەم روە، ئەوا یوسف محەمەد بەرزترین پۆستی شەرعی و یاسایی لەدەستە لەھەرێم، دەتوانێت لە رەوشێکی وەھادا کە کێشەیەکی یاسایی و دەستوریی ھەیە، دەتوانێت تەداخول بکات و مەرسوم بۆ پارێزگار دەربکات، بەتایبەت کە لایەنە سەرەکیەکانی ئەم گۆڕانکارییە رازیین بە گۆڕانکاریەکان.
ھەربەوتەی سەرچاوەکە، یەکێکی تر لە بژاردەکان ئەوەیە کە جێگری ئێستای پارێزگاری سلێمانی کە گۆڕانە، ئەو پۆستە وەربگرێت، ئەمەش کە روی یاسایی و دەستوریەوە کەمترین کێشەی ھەیە، بەوپێیەی پارێزگاری ئێستا دەتوانێ دەستلەکاربکێشێتەوەو جێگرەکەی بە وەکالەت دەبێتە پارێزگار و پێویستی بە مەرسومی سەرۆکایەتی نابێت، بەڵکو بە فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتیش ئەو کارە دەکرێت کە پۆستەکە لای یەکێتیە.