نوێترین

recent

16/04/2016

سكرتێری مەكۆیەكی گۆڕان بەسەدان هەزار دۆلار دەبات و هەڵدێت



سكرتێری مەكۆی سۆرانی بزووتنەوەی گۆڕان، سەدان هەزار دۆلاری هاووڵاتیان لەڕێگای فێڵكردنەوە دەڕفێنێت و بەرپرسی ئەو مەكۆیەی بزوتنەوەكەش هەڵاتنی ئەو بەرپرسەی گۆڕان پشتڕاست دەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەست (باسنیوز) كەوتووە، سكرتێری مەكۆی سۆرانی بزووتنەوەی گۆڕان، بڕی زیاتر لە 300 هەزار دۆلاری هاووڵاتییان لەمامەڵەی جۆراوجۆر كە فرۆشیارەكان بە (فرت و فێڵ)یان وەسفكردووە دەبات و بۆ دەرەوەی وڵات و رادەكات،بەشێكیش لەوانەی كە پارەیان لێ براوە، لەلای پۆلیس سكاڵایان تۆمار كردووە.

 یەكێك لەو كەسانەی كە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو بەرپرسەی گۆڕان كردووە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت و بەو ماڵپەڕەی وتووە"ماوەیەك لەمەوبەر ئەو كەسە ئۆتۆمبێلێكی لێ كڕین، بەڵام هەموو پارەكەی پێ نەدام و وتی: لەماوەیەكی نزیكدا سەرجەم پارەكانت بۆ دێنم، كەچی خۆی ونكردوە".

باسی لەوەشکردوە"فرۆشیارەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، تەنها ئەو مامەڵەی لەگەڵ ئەو بەرپرسەی گۆڕان لەسۆران نەكردووە، بەڵكو زیاتر لە 20 كەس بەبڕی زیاتر لە 300 هەزار دۆلار، ئۆتۆمبێل خانوو و كاڵای جۆراوجۆریان پێ فرۆشتووەو ئێستا پارەكانیان فەوتاوە".

وتیشی" ئێستا نازانین لەكوێیە؟ هەندێك كەس دەڵێن چۆتە دەرەوەی وڵات، چەندین كەسیش لەوانەی كە پارەیان لای ئەو بەرپرسەیە، چونەتە لای باوكی، بەڵام باوكی پێی راگەیاندون كە هیچ هەقی بەسەر ئەو بابەتەوە نییەو تواناو داهاتی ئەوەشی نییە پارەی هیچ كەسێك بداتەوە".

لەلایەن خۆشیەوە ئەمیر حاجی كەمال باژێڕوانی گۆڕان و بەرپرسی مەكۆی سۆرانی ئەو بزووتنەوەیە راگەیاندووە"راستە ئەو كەسە سكرتێری مەكۆی سۆرانی گۆڕان بووە، ئێمە 8 مانگ لەمەوبەر لەو كارانەی ئاگادار بوین و گومانی كاری خراپتریشمان لێی كردووە، بۆیە ئاگادارمان كردۆتەوەو خۆم داوام لێی كردووە، واز لەخراپەكاری بهێنێت".

باسی لەوەشکردوە"من پێشنیازی دەركردنیم پێشكەش بەمەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان كردبوو، بەڵام بڕیاری دەركردنی نەدرابوو".

 ئەمیر حاجی كەمال ئەوەی نەشاردۆتەوە"كە ئەو بەرپرسەی سۆرانی بزووتنەوەكەی، لەمامەڵەی كڕینی خانووبەرە، ئۆتۆمبێل، ئاژەڵ و چەند مامەڵەیەكی دیكە، سەدان هەزار دۆلاری هاووڵاتیانی بردووەو ئێستا بۆ دەرەوەی وڵات هەڵاتووە".

باسی لەوەشکردوە"ئێمە لەبزووتنەوەی گۆڕان خۆمان لەو كەسە بێ بەری دەكەین و بیرۆكەی دەركردنیشیمان هەبووە، بەڵام ئەوە هەڵبژاردنەو كەسانی باش و كەسانی خراپیش دەباتە پێشەوە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085