

زوڵفا مەحمود سەرۆکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان لە پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی کۆمەلآیەتی فەیسبووک لە نووسینێکدا دەڵێت" حکومەتی هەریمی کوردستان نزیکەی ٦٣ ملیاردیناری سندوقی کۆمەکی توشبوانی شێرپەنجە و نزیکەی ٤ چوار ملێۆن دۆلاریش،کە بۆ سەنتەری ژیانەوە کۆکرابوەوە، لە بانکی شیمال دانرابو،سەرجەمی دەبات و سەرفی دەکات،کەس نازانرێت،ئەم کارەیان چۆن و بۆ کردوە و پارەکەیان،لەچیدا سەرف کردوە؟".
ئەو پەرلەمانتار دەشڵێت" حکومەت لە کاتێکدا ئەمە دەکات کە نزیکەی ١٠٠٠٠ دە هەزار توشبوو، چاوەڕێی چارەسەردەکەن و نەخۆشخانەکانی چارەسەری شێرپەنجەش نزیکەی ٢٠ بیست ملیار دینار پارەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی قەرزاری کۆمپانیاکانن، کە کۆمپانیاکان، بەنوسراو ئاگاداریان کردون، ئیتر دەرمان وپێداویستیان نادەنێ".
زولفا مەحمود جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی، بەزوترین کات، ڕونکردنەوەی پێویست بدەن و بەخێرایی ئەو پارانە، بگێڕنەوە سەر ژمارە حسابی سندوقی کۆمەکی توشبوانی شێر پەنجە، بۆئەوەی کارەساتی زیاتر ڕونەدات، و دەڵێت" ئاخر ئەمە چۆن حکومەتێکە سەرباری بونی داهاتێکی زۆری نەوت، کە بەشیوەیەکی مافیایی و جەردەیی دیارنامێنێت، کەچی دەست، بۆ پارەی شێرپەنجەش دەبات،کە بەشیوەی هاوکاری و کۆمەک و بڕین کۆکراوەتەوە، کە پەرلەمانی کوردستان، لەخولی سێیەمدا، بڕیاری لەسەرداوە".
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە "ناکرێت، لەژێر هیچ بیانویەکدا، حکومەت دەست، بۆ پارەی کۆمەکی شێرپەنجە ببات و، دەبێت بەزوویی ئەو بارە ڕاست بکاتەوە، ئێمەش، لە بەدواداچون و چاودێری بەردەوام دەبین".