
شێرکۆ کرمانج
لە بواری ئابوریو دارایی
یەکەم، داخستنی هەموو بارگا حزبییەکان بە مەڵبەندو لقو ناوچەو کۆمیتەکانەوە لەگەڵ بڕینی نەسرییەکانیان. ئەم بڕیارە دەبێت هەموو حزبەکان بگرێتەوە. فرۆشتنی دامودەزگاو کەلوپەلەکانیان، گێڕانەوەی پارەکان بۆ خەزینەی حکومەت.
دووەم، بڕینی موچەو نەسرییەی هەموو حزبییەکان هەر لە مەکتەب سیاسییەکانەوە تا دەگاتە ئەندامێکی سادە.
سێیەم، داخستنی هەموو میدیا حزبییەکان بە تەلەفزیۆنو ڕادیۆو ڕۆژنامەو سایتو سەنتەرەکانی توێژینەوەی حزبی، بەوانەی سێبەریشەوە. فرۆشتنی دامودەزگاو کەلوپەلەکانیان، گێڕانەوەی پارەکان بۆ خەزینەی حکومەت.
چوارەم، کەمکردنەوەی موچەی هەموو ئەو کەسانەی لە کوردستان لە ١٩٩٢ تا ئێستا خانەنشین کراون بە هەر پلەیەک، بە موستەحەقو ناموستەحەقەوە. سەرفکردنی تەنیا یەک ملیۆن دینار بۆ هەموو ئەوانەی کە موچەکانیان لەسەرەوەی یەک ملیۆن دینارەو هێشتنەوەی موچەی ئەوانەی کە لە یەک ملیۆن کەمترە وەک خۆی.
پێنجەم، فرۆشتنی ٧٥% ی هەرچی سەیارەی حکومی هەیە لە هەرێمی کوردستان.
شەشەم، دانانی باج بەڕێژەی ٣٠-٥٠% لەسەر هەموو ئەو کەسانەی کە داهاتیان لە پێنج ملیۆن دینار زیاترە بەگوێرەی داهاتەکەیان.
حەوتەم، وەرگرتنی بەشێک بەڕێژەی ٢٠-٤٠% سەرمایەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە حالی حازردا سەرمایەکانیان، بە ئەموالی مەنقولەو غەیرمەنقولە، گەیشتۆتە ملیارێک دینار.
هەشتەم، ئیلزامکردنی هەرچی موچەخۆری دەوڵەت هەیە بە دەوامکردن لە سەعات ٨ بەیانی تا ٣ دوای نیوەڕۆ، ئەگەرنا موچەکەی دەستبەجێ ببڕێت.
نۆیەم، هەر کەسێک لە ئەنجامی ئەم چاکسازیانە بێکاربێت، یان بێ موچە بمێنێتەوە (بە مەرجێک لە هیچ شوێنێک کەرتی گشتیو کەرتی تایبەت موچەی نەبێت)، ئەوە موچەیەکی بۆ ببڕێتەوە کە لە ٥٠٠ هەزار کەمتر نەبێت و لە ملیۆنێک تێپەڕنەکات.
لە بواری سیاسی
یەکەم، حکومەتی هەرێم وەک حکومەتی ڕایکەری کاروبارەکان ڕابگەیەنرێتو وەزیرە دوورخراوەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
دووەم، کاراکردنەوەی پەرلەمانو گێڕانەوەی سەرۆکەکەی بۆ سەر کاری خۆی
سێیەم، دەستبەجێ دەستبکرێت بە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سەرۆکایەتی هەرێمو پەرلەمان، بە مەرجێک لە ساڵێک تێپەڕنەکات.
چوارەم، ئەم پێشنیازانە بەناوی حکومەتی بنکەفراوان پێشکەشبکرێنو هەموو حزبو لایەنەکان پشتیوانی لێبکەن، نەک یەکێک ببێت بە خاوەنیو یەکێکی دیکە بە دژ. بۆ زەمانەتکردنی ئەم یەکڕیزییە واچاکە هەموو حزبو لایەنەکان لەڕێگەی حکومەتو پەرلەمانەوە دەوڵەمەندی بکەن.