
وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دەنگۆی ھەڵوەشاندنەوەی دوو لیواوە ڕونکردەوە دەدات و ڕەتیدەکاتەوە کارێکی لەو شێوەیەیان کردبێت، ڕاشیدەگەیەنێت، بەچەک و تەقەمەنیەکانی ئەو دوو لیوایە، دوو لیوای دیکەش پڕچەک دەکەن.
حەوت مانگ پێش ئێستا، ئەمریکا بەڵێنیدا لەچوارچێوەی ھاوکاریکردنی حکومەتی ھەرێم لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، دوو لیوای نوێ بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بەتەواوی چەک و تەقەمەنییەوە پێکبێنێت، بەڵام ئێستا باس لەوەدەکرێت، ئەو دوو لیوایە دوای پێکھێنانیشی ھەڵوەشاوەتەوە.
لەوبارەیەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتیکردەوە، ئەو دوو لیوایەیان ھەڵوەشاندبێتەوە، وتیشی:"ئەو دەزگایانەشی ئەو ھەواڵەیان بڵاوکردۆتەوە بەھەڵەداچون".
جەبار یاوەر باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی ئەمریکییەکان لەڕابردودا بڕیاریاندا دوو لیوای نوێ بۆ وەزارەت پڕچەک بکەن بەسەرجەم پێداویستییە سەربازییەکانەوە، ئەوانیش لەکاتی گەیشتنی چەکەکاندا بڕیارێکی تریانداوە.
وتیشی:"لەوەزارەتی پێشمەرگە دوای ژمارەیەک کۆبونەوە بڕیارماندا لیوای یەک و لیوای دوی کەرکوک کە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن، لەو چەکانەی بۆ دوو لیواکە ھاتوون پڕچەک بکەین بەچەکی ئەمریکی".
لێدوانەکەی جەبار یاوەر لەکاتێکدایە، پێشتر لیوا قارەمان شێخ کەمال جێگری سەرۆکایەتی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لەوەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرایکردبو، بەھۆی قەیرانی داراییەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بڕیاریداوە دوو لیواکە ھەڵبوەشێنێتەوەو چەک و کەرەستە سەربازیەکانیشی بدرێت بەلیوای یەک و دوی وەزارەتی پێشمەرگە.