نوێترین

recent

13/12/2015

١١٤ کەناڵی کوردی کرانەوە


وەزارەتی ڕۆشنبیریی ڕایدەگەیەنێت، لەبەرامبەر پێدانی مۆڵەت بەھەر کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی، بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەردەگرن، ئەوەش ئاشکرادەکات، ساڵانەش ڕسوماتیان لێوەدەگیرێت، وتەبێژی ئەو وەزارەتەش ئەوە ئاشکرادەکات، کە لەماوەی شەش مانگی ڕابردودا چەند کەناڵی تەلەفزیۆنی لەھەرێم دامەزراون.
 
فەرھەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان ئاماژەی بەوەدا، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەھەرێم، ١١٤ کەناڵی تەلەفزیۆنی  لۆکاڵی مۆڵەتیان پێدراوە، لەکۆی ئەو ژمارەیەش ٢٣ تەلەفزیۆنیان لەسلێمانی، ٨٠یان لەھەولێرو ١١ کەناڵیش لەدھۆک کراونەتەوە.
 
گۆمەشینی ئەوەی ڕونکردەوە، کە ھەر لەماوەی ئەو شەش مانگەدا لەھەرسێ پارێزگای سلێمانی، ھەولێرو دھۆک، ٥٦ کەناڵی لۆکاڵی بەکوالێتی دیجیتاڵ کراونەتەوە،  لەگەڵ کردنەوەی ١٧٢ ڕادیۆ، بەڵام وەکو وتی:"ئەو ئامارانە زیادیانکردوەو لە ٢٠١٦دا ئاماری نوێ ڕادەگەیەنین".
 
سەبارەت بەوەش ئاخۆ داواکاریی دیکەیان پێگەیشتووە بۆ کردنەوەی کەناڵی تەلەفزیۆنی، گۆمەشینی وتی:"بەدەیان داواکاریی دیکەمان پێشکەشکراوە بۆ دامەزراندنی کەناڵ و میدیای نوێ، ئەو داوایانەش ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ کراون تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان بگرنەبەر، لەماوەی دوو مانگیشدا وەڵامیان دەدەنەوە".
 
سەبارەت بەھۆکاری وەرگرتنی بڕی ١٠ ملیۆن دیناریش لەو کەناڵانە، گۆمەشینی وتی:"بەگوێرەی یاسای کارپێکراو لەڕێگەی بڕیاری حکومەتی ھەرێم، لەبەرامبەر پێدانی مۆڵەت، وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەک ڕسومات لەکەناڵە تەلەفزیۆنییەکان وەردەگرێت، واتە ئەوە ڕسوماتە بۆ حکومەت".
 
لەبارەی ئەوەش ئایا لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیریی ھیچ بڕە پارەیەکی تر وەردەگرێت، فەرھەنگ گۆمەشینی جەختدەکاتەوە، لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتیشدا ساڵانە، پێویستە کەناڵەکە یەک لەسەر چواری ئەو پارەیە بدات، کە دەکاتە دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085