
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەئەنجامی شکاندنی دەرگای بەندینخانەیەکی تایبەتی ناو شاری موسڵ، ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەو ئەفسەرو سەربازی سوپای عێراق ھەڵاتن، تا ئێستاش خۆیان حەشارداوەو تیرۆرستانی داعشیش لەچەند ناوچەیەک لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، بەدوایاندا دەگەڕێن.
غەیاس سورچی وتەبێژی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٥ی ئاب، لەلایەن ژمارەیەک گەنجی نەناسراوەوە، کە خۆیان ناوناوە (گەنجانی سەربەخۆ) دەستڕێژی گولـلە لەپاسەوانانی بەندینخانەیەکی گروپی تیرۆریستی داعش لەگەڕەکی ئەندازیاران نزیک زانکۆی موسڵ کرا.
وتیشی:” لەلایەن گەنجەکانەوە دەرگای بەندینخانەکە شکێندراوەو سەرجەم زیندانییەکانی ھەڵاتوون”.
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بەندینخانەیە تایبەت بووە بەپێشمەرگەو ئەفسەرو سەربازە دیلەکان کە لەلایەن چەکدارانی گروپی تیرۆرستی داعشەوە دەستگیرکراون.
لەبارەی دەنگۆی گەیشتنی ھەڵاتووەکانیش بۆ میحوەرەکانی ھێزی پێشمەرگە، وتەبێژەکەی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی وتی:”تا ئێستا ھەڵاتووەکان خۆیان حەشارداوەو تیرۆریستانی داعشیش لەچەند ناوچەیەک باری نائاساییان ڕاگەیاندوەو بەدوایاندا دەگەڕێن”.
سورچی ڕەتیشیکردەوە، ھیچ پێشمەرگەیەک گەیشتبێتە میحوەرەکانی پێشمەرگەو وتی:”ئەو ھەواڵە بەھەڵە گواستراوەتەوە، راستە ئەو بەندینخانەیە پێشمەرگەی دیلی تێدابووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ پێشمەرگەیەک نەگەیشتۆتە میحوەرەکان”.
from Wllat Net http://ift.tt/1hcglOH
via IFTTT