
بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئەوەشی خستۆتەروو كە “بە ھەستكردن بە لێپرسراوێتی بەرامبەر گەل، بە ھاوكاری كۆمەڵی ھاوڕێی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەم پڕۆژەیەم ئامادە كردووە وھەولمَان داوە بە ھێمنی و دوور لە موزایەدەكردن و چەواشەكاری، چارەسەرێك بۆ ئەم قەیرانەی حوكمڕانی كوردستان پێشنیاز بكەین بۆ تاوتوێكردن و باسكردن لە نێوان لایەنەكان. “هاوكات بەرهەم ئەحمەد ساڵح دەڵێت بۆ ڕوونكردنەوەی ڕاستیەكان ئەمە دەقی پرۆژەكەیە
————————-
بەرەو چارەسەرێكی نیشتمانی بۆ قەیرانی حوكمڕانی كوردستان
لە سەردەمی گۆڕانگاریەكانی ڕۆژھەڵات، لە ساتی دەرفەت و ھەڕەشە بۆ كوردستان، لەكاتی چاوەڕوانی ڕەوای خەڵك بۆ ژیانێكی ئاسوودە و ئازاد، حوكمڕانی كوردستان دووچاری كێشەی بنەڕەتی بۆتەوە. لە دووای ٢٤ سال، سەرەڕای دەسكەوت و پێشكەوتنی گەورە، كۆمەڵێ كێشەی كەڵەكە بووی ساڵ دووای ساڵ، و پاشماوەكانی شەڕی ناوخۆ، بوونەتە ھۆكاری قەیرانێكی سیاسی، قەیرانێكی ئابووری سەخت، ھەڕەشەی سەربازی و ئەمنی قەومی چارەنوسساز كە بە كۆیان لە قەیرانی بنەڕەتی سیستەم و بڕیاڕی حوكمڕانی كوردستان چڕبۆتەوە.
باری سیاسی ئاڵۆز و ململانیی ژێر بە ژێری نێوان بەناو ھاوپەیمانەكانی حوكمڕان، تێڕوانینی ناكۆك لەسەر پرسەكانی ئەمنی قەومی، چ دەربارەی عیراق، چ دەربارەی كوردی باكور و ڕۆژئاوا، چ پەیوەندیەكان لەگەڵ ئێران و توركیا، پرسی مافی چارەنووس، ھەڕەشەی لەتكردنەوەی حكومەتی كوردستان و بگرە ھەڕەشەی شەڕی ناوخۆش، مشتێكن لە خەرواری دەرھاوێشتەكانی قەیرانی سیاسی كوردستان.
لە بەرنامە و ھیوای ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری كوردستان و دڵنایی وەبەرھینان، وا ئێستا ھاوڵاتیانی كوردستان كەوتوونەتە گێژاوی دڵەڕاوكێی بوون و نەبوونی مووچە، و تارمایی مایەپووجی كەرتی تایبەت و بانكەكان و ڕاوەستانی بازاڕ و كەسابەتی خەلك ئاماژەی قەیرانێكی ئابووری سەخت و مەترسیداری كوردستانە.
پێشمەرگە، بە خۆبەختكردن و ئازایەتی، و بە پشتیوانی ھاوپەیمانان و ئێران و تاڕادەیەك عێراق، جوامێرانە و قارەمانانە بەرگری لە كوردستان دەكەن لە ڕووی ھێرشی دڕندانەی داعش. تا ئێستا پێشمەرگە یەكگرتوو نیە، گیرۆدەی كێشەی شیرازەی فەرماندەییە. نەك نەبۆتە ھێزێكی نیشتمانی، بەڵكە فرە فەرماندەیی و كێشەی لۆجیستی و مووچەی قوڵتر بۆتەوە. بێگومان ئەم كێشانە بوونەتە ڕێگر لەوەی پێشمەرگە سوودمەند بێت بە شێوەی گونجاوتر لە ھاوكاری نێودەوڵەتی.
ئەم قەیرانەی حوكمڕانی گشتگیر و بنەڕەتیە و بۆتە مایە كێشەی ڕۆژانەی خەڵك و مەترسی بۆ خزمەتگوزاری و بژێویان، و تارماییشە لەسەر پرسە نەتەوەییەكان. كوردستان بەمجۆرە بەڕێوە ناچێت. بەردەوامبوونی وەزعی ئێستا بەرەو ھەڵدێرمان دەبات. بە ڕوونی، بە كوردی بە كورتی، بەردەوامبوونی وەزعی ئێستا ناكرێ، بۆیە سیستەمی ئێستای حوكمڕانی كوردستان پێویستی بە پیاچوونەوە و ڕاستكردنەوە ھەیە بە تایبەتی لەم قۆناغە كە پرسەكانی دەستوور و سەرۆكایەتی ھەریم بوونەتە باس و پرسی ئیستا.
ناكرێ بە (سەفقە)ی ژێربەژێر، و سەودا و معامەلە، برابەشكردن و پیاچوونەوەی پشكەكان، پرسەكانی (سەرۆكایەتی ھەریم) و سیستەمی حوكمڕانی بەڕێ بكرێت. پەردەپۆشكردن و ڕاییكردن تا سەر نابێت، و دادی بژێوی و كەسابەتی ھاوڵاتیان و پاراستنی ئەمنی قەومی و زامن كردنی بەرنامەی ئازادی كوردستان نادات.
بەرپرسیاریەتی چارەسەركردنی ئەم قەیرانە لە ئەستۆی پەرلەمان و ھێزە سیاسیەكانە. چارەسەر بە ڕێكەوتنی سیاسی و یاسایی دەبێت بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانی بژێوی و ئابووری ھاوڵاتیان، بۆ یەكخستنەوەی بەڕاستی حكومەتی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە و ئاسایشی كوردستان، بۆ چەسپاندنی حكومەتی ھاوڵاتی و ڕێزگرتن لە چەمكی دەستاودەستكردنی دەسەڵات. چارەسەر دەبێ نیشتمانی بێت، دوور بێت لە ئاماژە و دەستەواژەكانی دووبەرەكی و تاڵاوەكانی شەڕی ناوخۆ و دەبێت ھەر لە سەر بنەمای پاراستنی یەكڕیزی گەل و یەكبوونی حوكمڕانی كوردستان بێت.
سەرۆك، سەرۆكی نیشتمانە، و ڕەمزی یەكبوونی گەلە. دەستوور چوارچێوەی پێكەوە ژیان و بەڕێوەبردنی جیاوازیەكان و حوكمڕانی وڵات و زامنكردنی مافی ھاوڵاتیە. ئەم پرسە بۆ تاكە كەس و حیزب و لایەنێك نیە، بۆ زۆرینەیەكی ئاساییش دیاری ناكرێت. بۆیە پێویستە لەگەل ھەموو جیاوازیەكان ئەم قەیرانەی ئێستا بە ئاڕاستەی قەیرانێكی قوڵتر و مەترسیدارتر نەبەین. پێویستە بە پەرۆشی بۆ گەل، بۆ ئایندەمان، ئەم پرۆسەیە، بەم جیاوازیانەوە، بەرەو چارەسەرێكی نیشتمانی ئاڕاستە بكەین و لە سایەی پەرلەمانەكەی خۆمان و بە ڕێكەوتنی ھێزە سەرەكیەكان بسازێین لە سەر نەخشە ڕێگەی دەرباز بوون لە قەیرانی ئەمڕۆی حوكمڕانی كوردستان:
قۆناغی انتقالی (ئێستا بۆ ٢٠١٧ كاتی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمان)
لە ئێستاوە تا كاتی ھەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی كوردستان (دوو ساڵ تێپەر نەكات)، ڕێكەوتن لە سەر شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێكخستنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە سەرەكیەكانی حوكمڕانی ئەمڕۆ، بە تایبەتیش:
• پێشمەرگە و یەكخستنی ھێزی پێشمەرگە.
• ئەمنی قەومی و پەیوەندیەكان، و بە تایبەتیش پەیوەندی نیوان ھەریم و بەغدا.
• چارەسەركردنی باری ئابووری و بژێوی كۆمەلانی خەڵك.
• چاكسازی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی سەربەخۆیی.
بۆ ئەم قۆناغە انتقالیە دەسەڵاتەكان، لە نێوان سەرۆكایەتی ھەرێم و حكومەت، ڕێكبخرێتەوە بۆ بەدیھینانی ئامانجەكانی سەرەوە و زەمینە سازی و ئامادەكاری پێویست بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمی پەرلەمانی دیمكراتی لە دووای ھەڵبژاردنی ٢٠١٧.
١. تخویلی دەسەڵات بە وەزیری پیشمەركە و سەرۆكایەتی ئەركان بۆ ریكخستنەوە ھیزی پیشمەرگە و یەكخستنی لە دامەزراوەی نیشتمانی، وجێبەجیكردنی گۆڕانكاریە ئیداری و دارایی و عەسكەریە پێویستەكان بۆ ئەم مەبەستە.
٢. تخویلی دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆ بۆ یەكخستنەوەی دەزگاكانی ئاسایش لە دامەزراوەی نیشتمانی و جێبەجێكردنی گۆڕانكاریە پیویستەكان.
٣. سەرۆكی ھەرێم، سەرۆكی حكومەت، جیگرەكانیان لەگەڵ نوینەری لایەنە سەرەكیەكانی بەشداری حكومەت ئەنجومەنیك پێك دێنن بۆ ئەم قۆناغە انتقالیە بو تاوتوێیكردن و بڕیاڕدان لە سەر پرسە گرنگەكانی ئەمنی قەومی، بە تایبەتیش ھەڵویست سەبارەت مافی چارەنووس و پەیوەندیەكان لە گەل عێراق، ھەروەھا پەیوەندیەكان لەگەڵ ئێران و توركیا، و پارچەكانی تری كوردستان.
ئەم ئەنجومەنە، بە ھاوكاری و ھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، كار بكات بۆ پشتیوانی چاكسازی پێویست لە دەسەڵاتی دادوەری و چەسپاندن و پاراستنی سەربەخۆیی.
٤. دامەزراندن و دەستبەكاربوونی سندوقی داھاتە نەوتیەكان، دامەزراندنی كۆمپانیاكانی (پشكنین و گەڕان) و (دۆزینەوە و بەرھەمھینان)، (گواستنەوە و دابەشكردن) و (فروشتن و ھەناردەكردن) بە پیی یاسای نەوت و گازی كوردستان…و كۆكردنەوەی گشت داھاتەكان بە پێی یاسا و كاراكردنی لیژنەی دەستەپاكی و پەیوەندیدارەكانی پەرلمان بۆ چاودیری كۆكردنەوە و سەرفكردنی داھااتی نەوت.
٥. شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی بۆ پاریزگاكان و كاراكردنی لامركزیەت.
٦. تەعدیلی وەزاری و پیاچوونەوەی پێكھاتەی حكومەت، و ھەروەھا پیاچوونەوەی دامەزراوەكانی دیوانی سەرۆكایەتی ھەریم و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ھاوكاری جێبەجێكردنی ئەركەكانی سەرەوە، و ھەروەھا پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی بەكردەوەی چاكسازی ھەمەلایەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری و زامنكردنی بژێوی خەڵك،
ئەم بەرنامەیە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، و پەرلەمان ئەرك و مافی بە دواداچوون و بەسەركردنەوەی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی قۆناغی انتقالی ھەبێت.
بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە ٢٠١٧
لە ئێستاوە، ریكەوتن لەسەر پیاچوونەوەی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم و دەستوور چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی دیمكراتی و ھەمواركردنی دەسەڵاتەكان و ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم لە پەرلەمان، و بە یاسا پێش ٢٠\٨ لە پەرلەمان پەسەند بكرێ
from Wllat Net http://ift.tt/1IEZnQb
via IFTTT