نوێترین

recent

22/11/2014

نه‌وشیروان مسته‌فا، 'گۆران توانیویەتی گۆڕینی‌ ریشه‌یی‌ له‌هه‌رێمدا بكاتە ئه‌مری‌ واقیع.

ووڵات نێت |

جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان 12ی‌ مانگی‌ داهاتو به‌واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كان دیاریده‌كات، نه‌وشیروان مسته‌فاش رایده‌گه‌یه‌نێت، توانیویانه‌ گۆڕینی‌ ریشه‌یی‌ له‌هه‌رێمدا بكه‌نه‌ ئه‌مری‌ واقیع.
جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، بەزۆرینەی‌ دەنگ وادەی‌ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی‌ بزوتنەوەکەی‌ دیاریکرد کە رۆژی‌ 12ی‌ کانونی‌ یەکەمی‌ ئەمساڵە‌و ئالیەتەکانی‌ جێبەجێکردنیشی‌ رونكرده‌وه‌‌و گفتوگۆی‌ له‌سه‌ركرد.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌میانه‌ی‌ یانزەهەمین کۆبونەوەی‌ خولی‌ دوەمی‌ خۆیدا بو كه‌ كه‌ له‌مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ گۆڕان له‌سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چو.

ئاماژه‌شده‌دات، لەکۆبونەوەکەدا نەوشیروان مستەفا، رێکخەری‌ گشتی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان باسی‌ دۆخی‌ بزوتنەوەکەی‌ کرد‌و ئەوەی‌ دوپاتکردەوە، بزوتنەوەکە کەوتۆتە سەر پێی‌ خۆی‌و ئێستا هێزێکی‌ "کاریگەرو حساب بۆکراوە" لەسەر ئاستی‌ ناوخۆی‌ هەرێم‌و عێراق‌و ناوچەکە.

وتیشی‌، بزوتنەوەی‌ گۆڕان "گۆرینی‌ ریشەیی‌" لەهەرێمدا کردۆتە ئەمری‌ واقیع‌و بەعەمەلیش ئەو گۆڕینە دەستیپێکردوە.

له‌به‌شێكی‌ تری‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان پەیوەندی‌ بزوتنەوەکەی‌ لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەکانی‌ هەرێم‌و بەغداد تاوتوێکردو پەیوەستکرا بەقۆناغەکانی‌ پرۆسەی‌ پێکهێنانی‌ حکومەت لەهەرێم‌و بەغدادو حکومەتە خۆجییەکان.

هاوكات دۆخی‌ هەرێمی‌ کوردستان‌و کورد بەگشتی‌ تاوتوێکرد لەچوارچێوەی‌ گۆڕانکارییەکانی‌ ناوچەکەو ستایشی‌ رۆڵی‌ پێشمەرگەو شەڕڤانان‌و دامەزراوەکانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش‌و جەماوەری کرد لەروبەڕوبونەوەی‌ تیرۆردا.

بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەمجار لە (٢٥|٧|٢٠٠٩) بەلیستێکی جیاواز بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردو توانی (٢٥) کورسی پەرلەمان بۆخۆی مسۆگەربکات. لەھەڵبژاردنەکەی ئەیلولی ساڵی‌ رابردوش (٢٤) کورسی بۆخۆی مسۆگەرکرد سه‌ره‌ڕای‌ پۆستی‌ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەپێکھاتەی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی  ھەرێمی کوردستان به‌وەزارەتەکانی، پێشمەرگە، دارایی، ئەوقاف، بازرگانی‌و دەستەی وەبەرھێنان به‌شداره‌.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085