

وته‌بێژی ئیئتیلافی مواتن له‌باره‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م دوایه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌رێم چه‌ند زانیارییه‌كی گرنگ له‌باره‌ی رێكه‌وتنه‌كه‌وه ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، رێكه‌وتنه‌كه هاوكێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی له‌ناو برد.
به‌لیغ ئه‌بو كه‌له‌ل، وته‌بێژی ئیئتیلافی مواتن (به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم)، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له رێكه‌وتنه‌كه ده‌گرن، كه زیاتر له لایه‌ن سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تی یاساوه ئه‌و ره‌خنه‌یه ئاراسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كرێت، رایده‌گه‌یه‌نێت: "با بزانین كێ راستگۆیه و كێ درۆ ده‌كات"
له سه‌ره‌تای راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ده‌نووسێت: "قه‌یرانی تایبه‌ت به موسته‌حه‌قاتی دارایی هه‌رێم له به‌شه بودجه و دۆسیه‌ی نه‌وت به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا، تا ده‌هات قووڵتر ده‌بووه‌وه له‌نێوان حكومه‌تی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی دروستكرد ته‌نانه‌ت نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و ئه‌منییه و سیاسییه‌كان، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌ی یه‌كێتی خاكی عیراق ده‌كرد و به‌ره‌و دابه‌شبوون ده‌ڕۆشت".
به‌لیغ ئه‌بوو كه‌له‌ل، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵ، رێكه‌وتنێكی سه‌ره‌تاییه و هه‌نگاوی یه‌كه‌مه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه، به‌دوای ئه‌ویشدا هه‌نگاوی دیكه دێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بودجه و نه‌وت، هه‌روه‌ك ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه ئه‌وه چاره‌سه‌ری كۆتایی نییه بۆ ئاڵوگۆڕكۆردنی موسته‌حه‌قاته‌كان، به‌ڵكو رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ دانانی چاره‌سه‌ری گشتگیر و دادپه‌روه‌رانه و ده‌ستووری بۆ هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.
راشیده‌گه‌یه‌نێت، كه راده‌ستكردنی 150 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵ، ژماره‌ی كۆتایی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه له چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنێكه بۆ لابردنی به‌ربه‌سته‌كان، ده‌شڵێت :" به رێكه‌وتنی كۆتایی، هه‌موو ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، ده‌كه‌وێته ژێر ده‌ستی حكومه‌تی فیدڕاڵ، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ش كه پێشتر له داهاتی نه‌وت به‌ده‌ستی هه‌رێم هاتووه".
وته‌بێژه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه بڕی ئه‌و 500 ملیۆن دۆلاره‌ی بڕیاره بدرێت به هه‌ولێر، خه‌ڵات و پاداشت نییه، به‌ڵكو ئه‌وه به‌شێكه له موسته‌حه‌قاتی كوردستان له بودجه‌ی گشتی كه له مانگی شوباتی ئه‌م ساڵه‌وه خه‌رج نه‌كراوه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێنه‌دراوه، ده‌شنووسێت :"بۆیه ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بكرێت یان نه‌كرێت به په‌سندكردنی بودجه ده‌بێت ئه‌و مافه به هه‌رێم بدرێت، ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنیش نه‌كرێت، واته به‌رده‌وامی دان به قه‌یرانه‌كه".
به‌لیغ ئه‌بو كه‌له‌ل، ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كه حكومه‌تی فیدڕاڵی له ساڵانی رابردوودا سه‌دا 17ی بودجه‌ی ده‌داوه هه‌رێمی كوردستان، به بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك فلس وه‌ربگرێت، چونكه له‌لایه‌ك كوردستان نه‌وتی به‌رهه‌م نه‌ده‌هێنا و له‌لایه‌كیش به‌رده‌وام كێشه له‌نێوان به‌غدا و هه‌ولێر هه‌بوو، ده‌شڵێت :"به‌پێی ئه‌م رێكه‌وتنه، داهاتی نه‌وتی كوردستان ده‌چێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵ، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكی، له به‌رامبه‌ردا هه‌رێم له‌نێوان 7 تا 10ی بودجه ده‌بات.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، كه ئه‌وه‌ی له هه‌رێمدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له‌نێوان 300 تا 350 به‌رمیل نه‌وته له رۆژێكدا، كه به‌شێكی بۆ به‌ركاهێنانی ناوخۆ ده‌چێت و به‌شێكیشی هه‌نارده ده‌كرێت، پێشبینیش ده‌كرێت له ساڵی داهاتوودا ئه‌و رێژه‌یه به‌رز ببێته‌وه بۆ 400 تا 450 هه‌زار به‌رمیل له رۆژێكدا.
دواجار باس له نه‌وتی كه‌ركوك ده‌كات و ده‌نووسێت :" هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی گرتووه به‌سه‌ر بیره نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك، بۆیه به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان و قه‌یرانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، نه‌وتی كه‌ركوك ده‌بێته نه‌وتی كوردستان و به‌وه‌ش هیچ له‌به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستاندا نامێنێته‌وه بۆ سه‌ربه‌خۆبوون، بۆیه رێكه‌وتنه‌كه ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی له‌ناوبرد و هه‌موو شتێك گه‌ڕایه‌وه سه‌ره رێگه‌ی دروستی خۆی".