
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق كۆبوومەوە و رایگەیاندووە، "چیتر ناتوانن مووچە بۆ هەرێم بنێرن لەبەر تەواوبوونی پشكی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی".
راشیگەیاند، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێكی دارایی وەك مووچەی مانگی 5ی مووچەخۆران و 100 سەد هەزار دیناری باشتركردنی بژێویی خانەنشینان، بەهەمیشەیكردنی كارمەندانی گرێبەستی كۆمسیۆن، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و چەند پرسێكیتر سەردانی وەزارەتی داراییم كرد و چاوم بە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كەوت.
وتیشی، "تایبەت بە پرسی مووچەی مانگی پێنج وەزیری دارایی عێراق ئاماژەیدا بە ناوەڕۆكی نووسراویان ژمارە 14502كە چیتر ناتوانن مووچە بۆ هەرێم بنێرن لەبەر تەواوبوونی پشكی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی".
راشیگەیاند، وێڕای مشتومڕێكی زۆرمان لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر ئەم بابەتە، لەبەر ئەوەی ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 224 دادگای فیدڕاڵییە و هەروەها ئەو شێوازەی پشكی هەرێمی پێ ئەژماركراوە لەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی هیچ بنەمایەكی یاسایی و ژمێریاری نییە جگە لەوەی حكومەتی فیدڕاڵ تاوەكو ئێستا خشتەی داهات و خەرجیی ساڵی 2025 نەناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران كە پێچەوانەی مادەی 77/دووەم لە یاسای بودجەی سێ ساڵەیە كە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هەموو رێكارێكی دەستووریی و پەرلەمانی دەگرینەبەر.