كۆمهڵی دادگهریی
بێ دواکەوتن نرخهكان دابهزێنن؛ ئۆباڵی هەر دۆخێکی نەخوازراو لهئەستۆی دەسەڵاته
دەقى راگەیەندراوەکه:
بِسْمِ اللهِ الرَّحْمنِ الرَّحِيمِ
إِنَّ اللّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنْفُسِهِمْ
جەماوەری سەربەرزی کوردستان!
لایەنە سیاسییەكان و چین و توێژە زیانلێکەوتووەکان!
لەکاتێکدا ڕەوشی ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی پڕ لە قەیران و مەترسی، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی (بەتایبەت بەنزین)و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیان، بارگرانییەکی تاقەتپڕووکێنی بەسەر هاووڵاتییان، کاسبکاران و شۆفێراندا سەپاندووە.
ئاشکرایە ئەم گرانکردنانە بە هەر پاساوێک بن، نەک هەر ڕاستەوخۆ ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان پەك خستووە، بەڵکو تەواوی سێکتەرەکانی بازاڕو کاسبییان تووشی داڕمان کردووە، كە ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی خەڵك داناوە.
ئەوەی جێی نیگەرانییە، بێباکی، بێخەمی، بێدەنگی و بێکرداریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە بەرانبەر ئەم کارەساتە، کە بێگومان ئەمەش بەڵگەی ڕوونی گوێنەدانە بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان و دەستبەرداربوونی بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و نەتەوەيیەكانە لە پاراستنی ئاسایشی ئابووریی کۆمەڵگە، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان.
وێڕای ئەوە، کەمتەرخەمی لە ئیدارەدانی بازاڕداو ڕێگەدان بە قۆرخکاری، خەریکە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بە تەواوی ڕووبەڕووی داڕمان دەکاتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە:
١. بێباکیی دەسەڵات لەبەرانبەر ئەم بارودۆخە بەتوندی ئیدانە دەکەین و بە بەرپرسیاری یەکەم لە تێکچوونی گوزەرانی خەڵکی دەزانین.
٢. داواکارین دەستبەجێ بۆ دابەزاندنی نرخەکان، بەپەلە و بەبێ هیچ دواکەوتنێک، نرخی بەنزین و جۆرەکانی سووتەمەنی بۆ ئاستێکی گونجاو داببەزێندرێت و ڕێگریی یاسایی توند لە بەرزكردنەوەی نرخ و قۆرخکاریی شتومەک لە بازاڕەکاندا بکرێت.
٣. ئەنجامدانی چاکسازیی ڕاستەقینە، دابینکردنی ژیان و گوزەرانی شایستە مافێکی شەرعی و دەستووری هاووڵاتییانە، نەک بەخششی دەسەڵات. چیدی ڕەوا نییە باجی شکستی حوكمڕانی و بێپلانی بخرێتە سەر شانی هاووڵاتیان.
هەر بۆیە هۆشداریی دەدەین کە بەردەوامبوونی دەسەڵات لەسەر ئەم ئاستە لە نابەرپرسیاری، ناڕەزایی زیاتری ڕای گشتی بەشوێندا دێت و دۆخەكە بەرەو خراپتر دەبات، ئۆباڵ و بەرپرسیارێتیی گەورەی هەر دۆخێکی نەخوازراویش، دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات.
مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
٢٠٢٦/٨/١
