بەرپرسانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵەوە نزیکەی ٤٢٣ هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانیان لە هەرێمی کوردستان، کە لە ئەنجامدا ٢٠ کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەردەست دەنگی ئەمریکا، زۆرترین هێرش بۆ سەر حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە و کوشندەترینیان بۆ سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حدکا ڕایگەیاند حزبەکەی لە جەنگی چل ڕۆژەوە تا ئێستا ١٥٠ هێرشی کراوەتە سەر، کە بووەتە هۆی کوژرانی سێ ئەندام و برینداربوونی نۆ ئەندامی دیکەیان.
هاوکات ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد پێگەکانی حزبەکەی ٩٧ جار کراونەتە ئامانج و بە هۆیەوە ئەندامێکیان کوژراوە و ١٨ی دیکە بریندار بوون، دوایین هێرشیش ئەمڕۆ، ١ی ئابی ٢٠٢٦، لە ڕێگەی دوو درۆنەوە بۆ سەر بارەگایەکیان لە قەزای دووکان بووە کە زیانی مرۆیی نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەدیب خالیدیان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی ئازادی کوردستان ڕایگەیاند ٩٥ هێرشیان کراوەتە سەر کە دوو کوژراو و ٤٠ برینداری لێ کەوتووەتەوە. هەروەها ئیدریس کولاهدوزی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ڕوونی کردەوە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران لە ٢٩ی دووەوە، ٤١ هێرشیان کراوەتە سەر کە بووەتە هۆی کوژرانی ١٢ کەس. ئەفسانە ڕەحیمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی سازمانی خەباتیش ئاشکرای کرد حزبەکەیان ٤٠ هێرشی کراوەتە سەر و بە هۆیەوە دوو ئەندامیان کوژراون و هەشت کەسیش بریندار بوون.
