
ووڵآت نێت/
تاکە وەزیرە مەسیحییەکەی کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە پەشیمان دەبێتەوە، حکومەتی ھەرێمیش پشتگوێی دەخات و بەدوای جێگرەوەیەکی مەسیحیدا دەگەڕێت.
جۆنسۆن سیاوەیش، ئەو وەزیرە مەسیحییەی کە لە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمدا پۆستی وەزاری گواستنەوەو گەیاندنی پێدراو لەمانگی ئاب-ی ئەمساڵ وەک ناڕەزایی بەرامبەر خراپیی بارودۆخی ئاوارە مەسیحییەکانی موسڵ، دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند، ئێستا لەو بڕیارەی پەشیمان بۆتەوەو داوا دەکات وەزارەتەکەی پێبدەنەوە، بەڵام حکومەت ڕازی نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە SNN ی راگەیاند: جۆنسۆن سیاوەیش لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە لە حکومەت پەشیمان بۆتەوەو چەند رۆژێکیشە ھەوڵێکی زۆر دەدات بۆئەوەی پۆستە حکومییەکەی وەربگرێتەوە.
سەرچاوەکە، کە لەبەر ھەستیاریی بابەتەکە، داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران داواکەی ئەو وەزیرە مەسیحییەی رەتکردۆتەوەو لەئێستاشدا سەرقاڵی دیاریکردنی کەسایەتییەکی مەسیحین بۆ جێگرتنەوەی شوێنی سیاوەیش و پێدانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن.
جۆنسۆن سیاوەیش، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر خراپیی دۆخ و گوزەرانی ئەو ھاوڵاتییە مەسیحییانەی کە لە پارێزگای موسڵەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، رۆژی ١٤ی ئاب-ی ئەمساڵ بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستە حکومییەکەی راگەیاندو داواکەشی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە پەسەندکرا.
مەحسییەکانی کوردستان کە بەپێی یاسا، ٥ کورسی کۆتایان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دیاریکراوە، لە کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمیش پۆستێکی وەزارەتیان پێدان.