

زیاتر لە ھەشت ھەزار ئێزدی لەچیای شنگال لەژێر مەترسی گیانلەدەستداندان بەھۆی وەرزی سەرماو سۆڵەوە، فەرماندەیەکی ھێزەکانی پاراستنی شنگالیش باس لەوەدەکات، ڕەوشی ژیانی ئەو ئاوارانە زۆر خراپەو ئەگەری مردنیان ھەیە.
فارس شنگالی یەکێک لەفەرماندەکانی ھێزی پاراستنی شنگال، کە ئێستا لەسەر چیای شنگالن،ئاشكرایكرد:" ژمارەیەکی زۆر خێزانی ئێزدی، کە زیاتر لە ھەشت ھەزار کەس دەبن، لەچیای شنگال ماونەتەوەو بڕیاریانداوە نەچنە ناو شارەکان و نەبنە بار بەسەر خەڵک و حکومەتی ھەرێمەوە، ھەندێکیشیان باوەڕیان بەوە نییە خاکی شنگال جێبھێڵن".
وتیشی:"ئەو خەڵکەی لەچیا ماوەتەوە، ئێستا لەژێر مەترسییەکی گەورەی مردندان، چونکە ئەگەر ھاوکاری بەپەلەیان پێنەگات، ئەوا سەرما ھەڕەشە لەیەک بەیەکی ئاوارەکان دەکات، بەتایبەت منداڵان".
ئەوەشی ڕوونکردەوە، نەخۆشیش لەناویاندا بڵاوبۆتەوە، بەڵام بەھۆی نەبوونی چارەسەری پزیشکی لەچیاکەدا، ھێدی ھێدی خەڵکەکە بەرەو مردن دەچن، وتیشی:" پێویستە ھەرچی زووە لەڕێگەی فڕۆکەوە ھاوکاری بگەیەندرێتە ئاوارەکانی چیای شنگال چونکە خواردنیش بەرەو کۆتایی دەچێت".
باسی لەوەشکرد، چەندجارێک لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)وە خواردن و ھەندێک پێداویستیشیان بۆ دابینکراوە، بەڵام بڕەکەی کەمبووەو بەشیان ناکات، دەشڵێت:"چەندجارێکیش فڕۆکە دێت و خواردن فڕێدەداتە خوارەوە، بەڵام ئێستا درەنگ دەچێتە سەر ئاسمانی چیاکەو ھەندێکجاریش ئەو خواردنانە دەستیان بەسەردادەگیرێت لەلایەن ھێزێکی تایبەتەوەو نادرێت بەئاوارەکان".