
بەدران چیا کورد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ، داوای لە حکومەتی راگوزەری سوریا کردووە پێداچوونەوە بە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بکات، ئەمەش دوای ئەو توندوتیژییە خوێناوییەی لە پارێزگای سویدا کە زۆرینەی دروزی تێدایە، روویدا.
چیا کورد لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، جەختی لەسەر پێویستی دەستپێکردنی دیالۆگێکی نەتەوەیی گشتگیر کردۆتەوە کە ڕێز لە تایبەتمەندییە کولتووری و ئایینییەکانی هەر پێکهاتەیەک بگیرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێشێلکاریی مەترسیدار لە پاریزگای سوەیدا ڕوویداوە، لەوانە لەسێدارەدانی دڵنیای 83 هاوڵاتی سڤیلی دروز، کە کۆمەڵکوژی هاوشێوەی دژ بە عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سوریا بیردەخاتەوە.
چی کورد لە پۆستەکەیدا ڕایگەیاندووە کە "ئەو پێشێلکارییە سیستماتیکیانەی کە کۆمەڵگەی دروزەکان لە باشووری سوریا دەکەنە ئامانج، و ئەو پێشێلکارییە هاوشێوەیانەی پێشتر لە کەناراوەکانی سوریادا ڕوویانداوە، بە ڕوونی ڕەتکردنەوەی قووڵی فرەیی کولتووری و ئایینی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سوریا و دامەزراوەکانی سەر بەو حکومەتە پشتڕاست دەکەنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەمە "بناغەکانی پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یەک جوگرافیای نیشتمانییدا تێکدەدات و هۆشداریشی داوە کە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتانە دەبێتە هۆی پەرتبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی سوریا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە، دۆخی سوریای زیاتر ئاڵۆزتر کردووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
سەرچاوە شارپرێس