
بەمەبەستی رێگریکردن لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی کوردستان، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئۆپراسیۆنێکی بۆ کێوماڵکردنی بیابانەکانی هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین ئەنجامد.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بەسەرپەرشتی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، هەروەها بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا و سەڵاحەدین و هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەڵمەتێکی فراوانی کێوماڵکردنی لە بیابانەکانی حەزەر ئەنجامدا".
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر بنەمای زانیاری گرنگی پەیوەندیدار بە پلانی هێرشکردنەسەر بارەگا ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی وزە ئەنجامدران.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان باسی لەوەشکرد، بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە و بنکە سەربازییەکان دەستدرێژییەکی مەترسیدارە و سەقامگیری عێراق تێکدەدات، هێزە ئەمنییەکانی هەموو ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە یاری بە ئارامی و بەرژەوەندییە باڵاکانی دەکەن.