سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی ئادار و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات بۆ بەغدا نێردراوە و سبەی [لەکاتی دەوام] دەگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.
رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی داراییەوە لیستی مووچەی مانگی ئادار بۆ بەغدا نێردرا."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوباتیش نێردراوە. باسی لەوەش کرد: "سبەی دووشەممە دەگاتە وەزارەتی دارایی عێراق."
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەو مەرجانەی هەیە: لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی.
رۆژی 09-03-2026، لیستی مووچەی مانگی شوبات راگەیێندرا و لە رۆژانی 10، 11 و 12ی مانگی ئادار، پارەکە خرایە سەر هەژماری مووچەخۆران.
