

ووڵآت نێت/
لەڕاگەیەنراوێکیشدا، ھاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ھۆشداریەکی توند دەداتە دەوڵەتی تورک کە ھەوڵدەدات ڕۆژئاوا لەکوردان چۆڵبکات و ئەو سیاسەتەشی وەک سیاسەتێک لەئاستی کۆمەڵکوژی وەسفکردووە.
لەو ڕووەشەوە ڕایگەیاندووە، تورکیا ھەوڵدەدات بەناوی شەڕ دژی داعش و ھاوکاری ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی، بچێتە ناوی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ بکاتە ھەرێمێکی قەدەغەکراو.
سەرچاوەیەکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستانیش ئەوەی بۆ SNN ئاشکراکرد، تورکیا ژمارەیەک ھێزی سەربازی زۆری کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی بەناوی شەڕدژی داعش و تیرۆر، بچێتە خاکی ڕۆژئاواو دەستبەسەر شاری کۆبانێ دا بگرێت.
وتیشی:"قەرەیلان نامەیەکی توندی ئاراستەی تورکیا کردووەو ئاگاداری کردوونەتەوە، لەھەر ئەگەرێکی ھاتنە ناو شاری کۆبانێ، ئەوا چیدی پرۆسەیەک نامێنێ بەناوی ئاگربەست، لەبەرامبەر ئەو ھەوڵەی تورکیا ئێمە بێدەنگ نابین و بڕیارمانداوە، شەڕ ببەینە ناو قوڵایی خاکی تورکیا".
ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەگەربێت و تورکیا گوێ بەنامەکەی موراد قەرەیلان فەرماندەی ھێزەکانی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) نەدات، پەکەکەش بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا شەڕ لەچیاکان بگوازێتەوە بۆ ناو شارەکان.
لەبەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەی کەجەکەدا ھاتووە:"لەئێستادا شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان لەقۆناغی بەرگرییەوە چوونەتە قۆناغی ھێرشکردن و سەرکەوتنەکانیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو زیاتر بوون دەچن".