نوێترین

recent

14/08/2014

پەیامێك لەسەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ رای گشتی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حزبیانەی ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لەئەستۆ بوو لەسەر كارەكانیان لادران.

دەشڵێت: لیژنەیەكی لێكۆلینەوەیش بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێك هاتووە و لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات

دەقی پەیامەكە:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

لەبەرانبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستاندا كوردستان ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستیش پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە و پشت بەخوای مەزن و ئیرادەی ئێوە و هێزی پێشمەرگە تیرۆریستان تووشی شكست دەبن و تۆڵەی شەهیدان و ئاوارەكان و كارەساتی شنگالیان لێ دەكەینەوە. جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەم كە ڕێگەیان بۆ ڕزگاركردنی خوشك و برا ئێزیدییەكان لە چیای شنگال كردووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریان لەو ئازیزانە ڕزگار كردووە. هەروەها بەپێویستی دەزانم زۆر سپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی دۆستی گەلەكەمان بكەم كە زۆر یارمەتیان دا بۆ ڕزگاركردنیان.

لە دوای ڕووداوەكانی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانماندا هات، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حزبیانەی ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لەئەستۆ بوو لەسەر كارەكانیان لادران و لیژنەیەكی لێكۆلینەوەیش بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێك هاتووە و لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە، كەمتەرخەم بوونە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085