نوێترین

recent

16/07/2014

"بازرگانی‌ نێوان هه‌رێم و عیراق راوه‌ستاوه‌"

له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ قه‌یرانی‌ ئه‌منی‌ و شه‌ڕی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ عیراق و ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ (داعش)، بازرگانی‌ نێوان هه‌رێم و شاره‌كانی‌ عیراق راوه‌ستاوه‌.

سیروان محمه‌د، سه‌رۆكی‌ ژووری‌ بازرگانی‌ و پیشه‌سازی‌ سلێمانی‌ به‌خه‌ندانی رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا بازرگانی‌ نێوان شاره‌كانی‌ هه‌رێم و عیراق راوه‌ستاوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بازرگانان.

وتیشی‌: "بازرگانێكی‌ زۆر شتومه‌كیان هێناوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ ئاڵوگۆڕیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی‌ عیراقدا، به‌ڵام به‌هۆی‌ خراپی‌ باری‌ ئه‌منیه‌وه‌ ناتوانرێت ئه‌و شتومه‌كانه‌ بڕواته‌ شاره‌كانی‌ عیراقه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زیان به‌ ره‌وشی‌ بازرگانی‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌ نێوان هه‌رێم و شاره‌كانی‌ تری‌ عیراقدا".

سیروان محه‌مه‌د، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا: راوه‌ستانی‌ ئه‌م بازرگانییه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر گرانبونی‌ نرخی‌ شتومه‌ك له‌ شاره‌كانی‌ عیراقدا و نه‌مانی‌ بڕوای‌ بازرگانان به‌ هێنانی‌ شتومه‌ك به‌هۆی‌ نه‌بونی‌ بازاڕ و ساغ نه‌بونه‌وه‌ی‌ شتومه‌كه‌كانیان.

سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ راشیگه‌یاند: له‌ ئێستادا حكومه‌تی‌ عیراقی‌ له‌گه‌ڵ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران له‌گفتوگۆدان بۆ كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند ده‌روازیه‌ك بۆ ئاڵوگۆڕی‌ شتومه‌ك، وه‌ك ده‌روازه‌ی‌ زرباته‌ كه‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ گومرگی‌ له‌سه‌ر هه‌موو خۆراكێك لابردووه‌ كارئاسانی‌ ته‌واو ده‌كات بۆ بازرگانان.

 سیروان محه‌مه‌د نیگه‌رانه‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ده‌ڵێت: "حكومه‌تی‌ هه‌رێم روسوماتی‌ گومرگی‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا یه‌كخست كه‌ یه‌كلایه‌نه‌ ئه‌م بڕیاره‌ جێبه‌جێكراوه‌ له‌كوردستان كه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر به‌ بازرگانانی‌ كوردستان، كه‌ چه‌ندین جار حكومه‌تی‌ هه‌رێممان ئاگادركردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هیچ هه‌ڵوێستیان نه‌وبووه‌".

 سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ پێی‌ وایه‌ درێژخایه‌ندنی‌ ئه‌م ره‌وشه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ راوه‌ستانی‌ كاری‌ بازرگانان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا و دروستبونی‌ هه‌ڵئاوسانی‌ ئابووری‌ له‌گه‌ڵ شاره‌كانی‌ تری‌ عیراقدا كه‌ زۆرێك له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ له‌ پێویستی‌ ناوخۆی‌ زیاد ده‌بێت، نانێردرێت بۆ شاره‌كانی‌ عیراق و بازرگانان تووشی‌ زه‌ره‌رده‌كات.

ده‌روازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هۆكارێكی‌ گرنگن بۆ ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ نێوان شاره‌كانی‌ عیراق، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ شتومه‌ك و خۆراك و پێداویستیه‌كان نێردراون بۆ شاره‌كانی‌ عیراق، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و هاتوچۆیه‌ به‌هۆی شه‌ڕی چه‌كدارانی داعش و سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌كی‌ كه‌وتووه‌.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085