
لە هەڵبژاردنەكەدا سەلیم جبوری، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی حیزبی ئیسلامییە و سەرۆكی فراكسیۆنی دیالە ناسنامەمانە بە كۆی 194 دەنگ توانی ببێتە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. حەیدەر عەبادی لە هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان بە 188 دەنگ وەك جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان و ئارام شێخ محەممەد لە كورد بە 171 دەنگ وەك جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردران.
لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق عارف تەیفوور، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بوو، بەڵام ئێستا ئەو پۆستە دراوە بە بزووتنەوەی گۆڕان. ئارام شێخ محەممەد كە لە پارێزگای سلێمانی سەرۆك لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بوو بۆ پەرلەمانی عێراق، توانی زیاتر لە 150 هەزار دەنگ بهێنێت و زۆرترین دەنگی لەسەر لیستە كوردییەكان بەدەستهێنا. لە پەرلەمانی عێراقیشدا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكراو توانی 171 دەنگ بەدەست بهێنێت.
ئارام محەممەد عەلی ناسراو بە ئارام شێخ محەممەد ساڵی 1975 لە سلێمانی لەدایكبووە، خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستی ئامار و كۆمپیوتەردا. خاوەنی دبلۆمی باڵایە له بواری مافی مرۆڤ و فرەكولتووریی و بەڕێوەبردنی ململانێ و كۆمەڵگەی مەدەنیدا، دواین پۆستی لەنێو بزوتنەوەی گۆڕاندا رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەكە بوو....