نوێترین

recent

05/08/2026

ئاگاداری بەپەلە بۆ ڕای گشتیی و سەرجەم هێز و کەسایەتییە ناڕازییەکان.

 









بەرچاوڕوونییەک بۆ ڕای گشتیی و سەرجەم هێز و کەسایەتییە ناڕازییەکان…
لە کاتێکدا دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتییان گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت و ستەمی دەسەڵات سنوورەکانی بەزاندووە، ئیتر کاری هاوبەش و یەکخستنی ڕیزەکانمان دەبنە پێویستییەکی هەنووکەیی و ئەرکێکی نیشتمانی.
لەسەر ئەو بنەمایە؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە کرداریی دەستمان بە دیدار و گفتوگۆ کرد. سەردانی بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسێۆنەکان و کەسایەتییە جیاوازەکانمان کردووە و تا ئێستا هەنگاوەکان دڵخۆشکەرن و بەدەنگەوەهاتنێکی باش هەیە.
بڕوای تەواومان هەیە، کە ئازارەکانی خەڵک و هەڕەشەکانی قۆناغەکە، لە هەموو جیاوازی و ناکۆکییەکان گەورەترن.
هاوکات یەکگرتنی ڕیزەکانی ئۆپۆزسێۆن و ناڕازییەکان لە ژێر چەتری بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیاندا، بە مانای سڕینەوەی جیاوازییەکان و نەمانی ڕەخنە نییە، بەڵکو بڕیارێکی بەرپەرسیارانەیە بەرامبەر مێژوو و ئێستا و دواڕۆژی ئەم گەلە.
لەم سۆنگەیەوە؛ پشتیوانیی ڕەوەندی کوردی، مامۆستایانی ئاینی، میدیاکاران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە هێزێکی مەزن دەزانین، تا ببنە هاندەر و بەشێکی کاریگەر لە سەرخستنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە.
ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و داواکارین: هەمووان دەست لە دەستی یەک بنێن و خاڵە هاوبەشەکانمان بنەمای پێکەوەبوونمان بن، لەپێناو ڕزگاربوون لەم دۆخە و گەڕاندنەوەی هیوا و متمانە.
کرۆکی پەیامەکەیش لە شیعرێکی شێرکۆ بێکەسی مەزندا چڕدەکەینەوە:
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
لە خەڵک بوردووین!
لە خۆمان هەرگیز نەبوردووین.
دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە
وەک ئێستە واین،
یەکنەگرتووین!
هیوامان هەیە بە هاوکاریی دڵسۆزانی ئەم گەلە، خاڵێک بۆ ناکۆکیەکان دابنێین و هەنگاوی کردەیی بنێین.
ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی
٥ی ٨ی ٢٠٢٦

Picsart-24-02-23-21-31-09-085