نوێترین

recent

11/07/2025

سەبارەت بەپرۆسـەی چــــەك دانان سەرۆك کۆماری تورکیا پەیامێكی بڵاوکردەوە.


 




سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی بڵاوکردەوە و هیوای خواست ببێتە مایەی خێر و چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە وڵاتەکەیدا. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 11ـی تەممووزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی چەکدانانی ئەمڕۆی گرووپێک گەریلای پەکەکە گوتی: "هیوادارم ئەو هەنگاوە گرنگەی کە ئەمڕۆ لە رێگەی گەیشتن بە ئامانجمان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر نرا، ببێتە مایەی خێر." 
 
ئەردۆغان زیاتر نوسیوویەتی: "لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە لەم رێگەیەدا کە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئاسوودەیی گەلەکەمان و چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەمان گرتوومانەتەبەر، بمانگەیێنێتە ئامانجەکانمان." 
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە. 
 
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085