
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەسەر رووداوەكەی سنووری ناحیەی وەرتێ كە بەهۆیەوە هاوڵاتییەك بووە قوربانی، دەستبەجێ لایەنە پەیوەنددارەكان راسپێردراون بۆ لێكۆڵینەوەكردن و گرتنەبەری رێكاری یاسایی.
بەپێی روونكردنەوەیەكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، شەوی یەكشەممە بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی بەشێك لە هاوڵاتییان لە سنووری ناحیەی وەرتی/ ئیدارەی سۆران، لە ئەنجامی گرژیدا هاوڵاتییەك بەناوی حسن رەحمان بووەتە قوربانی.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دەستبەجێ لایەنە پەیوەنددارەكان راسپێردراون بۆ لێكۆڵینەوەكردن و گرتنەبەری رێكاری یاسایی و هاوڵاتییان و كەسوكاری قوربانییەكە دڵنیادەكەینەوە كە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت و لە دادگا رێكاری یاسایی جێبەجێدەكرێت.