
ەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق راگەیێندراوێکى دیکەى لەبارەى مووچە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پابەندە بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و یاسای بودجەى گشتى.
تەیف سامی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقەوە دەڵێت، "وەزارەتى دارایی پابەندە بە پارەدارکردنى مووچەى مانگانە بەبێ دواکەوتن و پارەى سەرجەم مووچەى مانگى ئایار دراوە و پارەى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق گەرەنتی کراوە".
ئەو راگەیێنراوەى تەیف سامى کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ى ئایارى 2025 بڵاو یکردووەتەوە لە وەڵامى چەند لێدوانێکى رائید مالیکى، ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانى عێراق بووە لەبارەى مووچە و بودجە و دۆخى ئابووریى عێراق.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لێدوانێکى ئەو پەرلەمانتارە رەتکراوەتەوە کە گوایەوە تەیف سامى نایەوێت خشتەى بودجەى 2025 رەوانەى پەرلەمان بکات و دەڵێت: "کاتێک ئەو پەرلەمانتارە سەردانى کردووە هیچ گفتوگۆیەک لەنێوانیان رووینەداوە، جگە لەوەى ئەو پەرلەمانتارە چەند مامەڵەیەکى کەسیی خۆى داوەتێ بۆ جێبەجێکردنى و باسیان لە خشتەى بودجەى ئەم ساڵ نەکردووە".
تەیف سامى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاندووە، پابەندن بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى و بڕگەى یەکەمى مادەى 11 و مادەى 13ى یاسای بودجەى گشتى.
بڕگەى یەکى مادەى 11ى بودجەى گشتى ئاماژە بە پشکى هەرێمى کوردستان کراوە کە لە تێکڕاى خەرجى کرداریی دەبێت و بە رەزامەندى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە لایەن وەزارەتى داراییەوە خەرج دەکرێت، مادەى 13ى هەمان یاسا تایبەتە بە رادەستکردنى داهاتى نەوتى هەناردەکراوى هەرێمى کوردستان و نادرنى پشکى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدڕاڵەوە.
تەیف سامى رایگەیاندووە کە وەزارەتەکەى پابەندە بە خەرجکردنى پارەى مانگانەى مووچە [بۆ فەرمانبەرانی عێراق] بەبێ هیچ دواکەوتنێک و پارەى مووچەى مانگى ئایار بەتەواوى خەرجکراوە بەبێ ئەوەى پێوستیان بە هیچ قەرزکردنێک بێت لە داهاتى نەوت و نانەوتى و مووچە بەتەواوى گەرەنتیکراوە و راکێشانى پارەى سپاردەى باج بەگوێرەى یاسا لە چوارچێوەى دەسەڵاتى وەزیرى داراییدایە و بۆ خەرجى بەکارهاتووە بەشێکە لە داهاتى نانەوتى.
ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەى 15ى نیسانى 2025 دەسەڵاتى بە وەزیرى دارایی دا بۆ راکێشانى پارەى سپاردەى باج کە بڕەکەى سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردنی مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر.