
لە جیاتی وتاری ئەم پێنج شەممەیە:
ئایا لەنێوان «قبوڵکردنی شەرمنانە» و «کشانەوەی یەکجاری»دا، بژاردەی سێهەم لەبەردەم هەرێمدا هەیە؟
«ئاگاداربە، وتارەکە هەمووی نەخوێنیتەوە ناوەرۆکەکەیت وەکخۆی پێناگات»
یەکەم: دەستبەجێ هەڵپەساردنی کاتی بەشداریکردنی وەزیر و پەرلەمانتارەکانیان لە حکومەتەکەی سودانی و پەرلەمان، بە کۆمەڵێک داواکاری ڕوون بە خشتەی زەمەنییەوە.
دووەم: بەپەلە پەنابردن بۆ دادگای فیدڕاڵیی بە پشتیوانی کۆمەڵێک داوای بەهێزی یاساییەوە.
سێهەم: پێداچوونەوەی خێرا بە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتیەی کە ئەم حکومەتەی سودانی لەسەر بونیاد نراوە.
چوارەم: ئاشکراکردنی داهاتەکانی ناوخۆی هەرێم و داهاتی نەوتی قاچاغ و شەفافەتی داهات بە شێوەیەکی جدی.
پێنجەم: یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەسەر بنەمای چەند ئامانجێکی نیشتیمانی ڕوون و ڕاشکاو.
شەشەم: بە فراوانی نیشاندانی ناڕەزایەتی جوڵەی جەماوەری لەسەرتاسەری دونیادا بە تایبەتی لەناوخۆی هەرێم و عێراقدا دژی بە سیاسیکردنی پرسی مووچە!

یەکەم: دەیان جار هەڕەشەی کشانەوەیان کردووە بەڵام تاکە جارێک ئامادە نەبوون پەنا بۆ هەڵپەساردنی بەشداریکردنیان لە حکومەت و پەرلەمان بەشێوەی کاتیش بەرن.
دووەم: دەزانن کە بەهۆی نەبوونی شەفافیەت لە داهاتی ناوخۆدا ناتوانن دۆسێی بەهێزی یاسایی بۆ دادگای فیدڕاڵی ئامادە بکەن.
سێهەم: لەبەر ئەوەی هاوپەیمانێتیان لەگەڵ شیعە و سوننەی عێراق رەهەندی حزبی و کەسی هەیە نەک نەتەوەیی و نیشتیمانی ، هەر کات چوبێتنە ناو هاوپەیمانێتی نەیانتوانیوە بێنە دەرەوە.
چوارەم: تا ئێستا پارتی و یەکێتی ئامادە نین بۆ خەڵکی کوردستان تاکە دۆلارێکی نەوتی قاچاغ ئاشکرا بکەن ئێستا ئامادەن وردەکاری بدەنە عێراق؟! تا ئێستا بەشە کەمەکەی داهاتی ناوخۆ ئاشکرا دەکەن، داهاتی ناوخۆ بەڵا گەورەکەی سەر ژیانی مووچەخۆرانی هەرێمە و ئامادەنین چارەی بکەن.
پێنجەم: درۆی یەکڕیزی حزبی و کەسی، جیایە لە ئەجێندای نیشتیمانی بۆ یەکدەنگی، یەکەمیان خزمەتی حزب و کەس و بنەماڵەکان دەکات، دووەمیان لە خزمەتی نیشتیمانسازیدا دەبێت، ئامادە نین دووەمیان بکەن، نەک بە گشتی تەنانەت ئەو دوو حزبە لە نێوان یەکتریشدا!
شەشەم: زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانێ راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە پلەی یەکەم و پێش بەغدا ئالۆسکانی مووچەی خەڵکی کوردستان پەیوەندی بە ناشەفافیەت و خراپی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیەوە هەیە، لە دۆخی لەو جۆرەدا هەر هەوڵێک هێندەی دەبێتە نمایشی حزبی نابێتە ناڕەزایەتییەکی جەماوەری و نیشتیمانی.



یەکەمیان؛ هەڕەشە! دووەمیان؛ دووبارە کردنەوەی هەڕەشە.
نوقتە!
ئەگەر وانییە، فەرموون شەش خاڵی یەکەم جێبەجێبکەن!
هۆشیار عەبدوڵا