
سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی هەرێمی کوردستانی توشی ئەم دۆخە کردوە شێوازی هەڵەی حوکمرانییە، هەر ئەوەش بو ناوچە جێناکۆکەکانی لە ژێر دەستی هەرێم دەرهێنا، ناکۆکی سیاسی نێوان حزبەکانی هەرێم ئاساییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بە رێگای ئاشتی یەکلایی ناکەنەوە و بەهۆی روداوەکانی رابردوەوە متمانەیان بە یەکدی نییە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی لاوازبونی هەرێمی کوردستانە و وتیشی، "لەوانەی هەڵبژاردن لە مانگی (تشرینی یەکەم/10)ش ئەنجام نەدرێت و بچێتە ساڵی داهاتو."
د. یوسف محەمەد سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنیكدا رایگەیاند، ئەوەی هەرێمی کوردستانی توشی ئەم دۆخەی ئێستا کردوەتەوە، شێوازی حوکمرانیکردنی هەرێمی کوردستان، لەو شێوازەدا هیچ گرنگییەک بە دیموکراسیەت و پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک نادرێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە دەسەڵاتی چەند کەسایەتییەکی سیاسی یان چەند بنەماڵەیەکە، ئەمەش وای کردوە هەرێمەکە بەرەو لاوازی بڕوات
شێوازی هەڵەی حکومرانی هەرێم لە دوای ساڵی 2017 وای کرد ناوچە جێناکۆکەکان لە دەست هەرێم نەمێنێت
د. یوسف محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، شێوازی هەڵەی حکومرانی هەرێم لە دوای ساڵی 2017 وای کرد ناوچە جێناکۆکەکان لە دەست هەرێم نەمێنێت و کار بگاتە ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی لە نێوان ساڵانی 1991 – 2003 دروستبو وردە وردە نەمێنێت، بۆیە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی تەندروست دور نییە لەوەی هەرێمی کوردستان لەوە زیاتر لاواز بکات.
ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی لە پرسی هەڵبژاردن دەرچوە بە دڵی هەرێم بێت یان نا هەر دەبێت جێبەجێ بکرێت
ئەوەشی خستەڕو، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی لە پرسی هەڵبژاردن دەرچوە بە دڵی هەرێم بێت یان نا هەر دەبێت جێبەجێ بکرێت، ئەوەی دەتوانێت یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەستکاری بکات پەرلەمانی خولی شەشەم دەبێت، یەکێک لەو هۆکارانەی هەرێمی کوردستانی پێ لاواز بوە ئەوەیە، بە کشانەوەی هێزێکی سیاسی لە هەڵبژاردن، ئەنجامدانی پڕۆسەکە ئەستەم دەبێت، لە کاتێکدا پێویستە هەڵبژاردن لەسەر ئارەزوی خەڵک بکرێت و بەرێوەبچێت.
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە دەبێت بیر لە شێوازێکی دیکەی حوکمرانی بکرێتەوە
د. یوسف محەمەد باسی لەوەشکرد، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە، دەبێت بیر لە شێوازێکی دیکەی حوکمرانی بکرێتەوە، ئەگەر نا بە بەردەوامبونی ئەم شێوازی حوکمرانییە هەرێمی کوردستان بونی نامێنێت، مادەم هێزی سیاسی جیاواز بونی هەیە بونی ناکۆکی سیاسی ئاساییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە یەکلاییکردنەوەی ئاشتیانەی ململانێ سیاسییەکان گرەنتی نەکراوە، ئامانج لە گرەنتیکردنیشی ئەوەیە ململانێ سیاسییەکان نەبێتە هۆی لاوازکردنی هەرێم، بەڵکو ببێتە هۆی نوێکردنەوەی هەرێمەکە.
هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەنەبون دەستبەرداری هەژمونی خۆیان ببن لە نێو هێزە ئەمنییەکان
ئەوەشی ئاشکرا کرد، هێزە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەنەبون دەستبەرداری هەژمونی خۆیان ببن لە نێو هێزە ئەمنییەکان، ئەمەش دۆخێکی دروستکردوە کە متمانەیان بە یەکدی نییە و ناکۆکییەکانیان بە شێوەی ئاشتی یەکلا نابێتەوە، تەنانەت لە نێوخۆی حزبەکانیشدا بێ متمانەیی و ناکۆکی هەیە، دەسەڵاتی ئێستای هەرێمی کوردستان گەورەترین مەترسییە لەسەر هەرێمەکە.
لەوانەیە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت
د. یوسف محەمەد لەگەڵ خەندان ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لە ئەگەر و نەگەردایە، لە مانگی (ئەیلول/9) و (تشرینی یەکەم/10) لەوانەیە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و بچێتە ساڵی داهاتو.