
وڵات_ چلانە قادر
ساڵى ٢٠٣٠، زیاتر لە ٢٠ ملیۆن پیشە لە کەرتى پیشەسازى جیهانى لەدەستى مرۆڤ
لەدەست دەچن و ڕۆبۆتەکان شوێنەکانیان پڕ دەکەنەوە، ئەوەش بەگوێرەى ڕاپۆرتێکى
دامەزراوەى "ئیکۆنۆمیک ئۆکسفۆرد".
لەماوەى ١١ ساڵى ڕابردوودا، ١٤ ملیۆن ڕۆبۆت تەنها لە وڵاتى چین بەرهەم
هاتووەن، ئەوەش لەکاتێکدایە ئێستا ژمارەى ڕۆبۆتەکانى چین گەیشتوونەتە ٢ملیۆن و ٢٥
هەزار ڕۆبۆت، بەو پێیەش بێت لەماوەى ٥٠ ساڵى ڕابردوودا ڕێژەى ڕۆبۆت ٣ هێندە زیادى
کردووە.
بەگوێرەى توێژینەوەکە، ئەو ڕۆبۆتانەى دروستکراون بەتایبەت بۆ کەرتى
پیشەسازى، هاوشێوەى فەرمانبەرێکى ئاسایى دەتوانن شوێنى مرۆڤەکان بگرنەوە، ئەوەش
واتاى ئەوەى لەشکرێک خەڵکى بێکار دروست دەبێت.
ڕاپۆرتە تایبەتەکان ئاماژە بە کاریگەرى ڕۆبۆتەکان دەکەن بۆ ساڵى ٢٠٣٠ پێیان
وایە کاریگەرى گەورە لەسەر ئابورى جیهان جێدەهێڵن، بەو پێیەیەش ٣٠% کاریگەرى لەسەر
کەرتى ئابورى جێدەهێڵن، هاوکات کاریگەریش دادەنێت لەسەر کۆ بەرهەمى ناوخۆیى جیهانى
بەڕێژەى ٥.٣%، لەهەمانکدا بەڕێژەى ٤.٩ ترلیۆن دۆلار تاساڵى ٢٠٣٠ بۆ داهاتى جیهانى
زیاتر دەکات، بەشێوەى ساڵانە.
کاریگەرى ڕۆبۆت لەسەر کێ دەبێت؟
چین:
زۆترین کاریگەرى لەسەر دەبێت بەهۆى بەرهەمهێنانى ڕۆبۆتەکانەوە، بەجۆرێک
پێشبینکراوە ١١ ملیۆن هەلى کار لەدەستبدات تا ساڵى ٢٠٣٠ و لە شوێنیان ڕۆبۆت
دابنرێت.
وڵاتانى ئەوروپا:
دووەم گەورەترین کاریگەرى بەر وڵاتانى ئەوروپا دەکەوێت، کە بەگوێرەى
پێشبینیەکان تا ساڵى ٢٠٣٠ زیاتر لە ٢ملیۆن هەلى کار لەدەستدەدەن و ڕۆبۆت شوێنیان
دەگرێتەوە.
تا ساڵى ٢٠٣٠، بەهۆى ڕۆبوتەوە ٢٠ ملیۆن پیشە لەدەست دەچن
ئەمریکا:
ئەمریکاش بەپلەى سێهەم دێت، ڕۆبۆتەکان شوێنى دەستى کار دەگرێتەوە بەڕێژەى
١.٥ ملیۆن دەستى کار، ئەوەش واتاى بەرزبونەوەى ڕێژەى بێکارى زیاتر لە دەستى کارى
ئەمریکى بەتایبەت لە کەرتى پیشەسازى ئەو وڵاتەدا.
هاوکات، ٩٠% کۆمپانیاکان بەشێوەیەکى خێرا بەجۆرێک تا ٣ ساڵى داهاتوو
دەستیانکردووە بە بەرهەمهێنانى ڕۆبۆت و کەوتونەتە ژێر کاریگەرییە سیحراوییەکانى
ئەو دۆخەوە ڕۆبۆتەکان دروستیان کردووە.
پلانیان داناوە سود لە (زیرەکى پیشەسازى) وەربگرن کە کەرتى ئەلکترۆنى
دەگرێتەوە.
ئابوریناسانى جیهان بڕوایان وایە، کاریگەرى ڕۆبۆت لەسەر ئابورى جیهان
بەخێرایى دەردەکەوێت، کاریگەرییە باشەکانى ئەوەن ئاستى بەرهەم بەشێوەیەکى خێرا
بەرزدەکاتەوە، بەڵام کاریگەرییە نەرێنیەکانى ئەوەن "ئاستى بێکارى"
بەڕێژەیەکى زۆر زیاددەکات.
بەڵام ڕوانگەیەکى جیاوازتر بڕواى بەکاریگەرى باشى ڕۆبۆتەکان هەیە، چونکە
بەرزبونەوەى تێچوون و وەبەرهێنان واتاى بەرزبونەوەى ئاستى دەستى کارە و هەلى کارى
نوێیە.
ناوەندى زانیارى تەکنەلۆژى ئەمریکى لەدواى بڵاوکردنەوەى ئەم زانیارییانە
بڕواى خۆى بەشێوەیەکى پرسیارى دەردەبڕێت و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، نازانرێت
لەئایندەدا دۆخەکان چۆن دەبن، بەڵام ئەوەش بۆ ئێمە پرسیارە ئایا رۆبۆتەکان
پیشەکانى مرۆڤ دەخنە بەردەم مەترسى.