وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگهیاند، قسەکانی کەمال کەرکوکی نیگەرانیی لای یەکێتی دروستکرد بەوەی پارتی نایەوێت رێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکات، راشیگەیاندووە، گەر ئەو قەناعەتەیان لا دروستببێت کە پارتی رێککەوتنەکانی نێوانیان جێبەجێ دەکات، بەشداری لە بۆنەی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
پێشتر کەمال کەرکوکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک ، رایگەیاندبوو، "پارتی بە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی ڕازی نییە، بەڵکو پارێزگارێکی بێ لایەنی دەوێت."
ههر لهو بارهیهوه ئەمڕۆ لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان به دهنگی ئهمریكای راگهیاندووە، "یەکێک لە گرفتەکان قسەکانی دکتۆر کەمال کەرکوکی بوون، ئەو قسانە نیگەرانییان لای یەکێتی دروستکرد بەوەی پارتی نایەوێت رێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکات، بۆیە داوای دڵنیایی زیاتر و هەنگاوی عەمەلیمان کردووە."
ئەوەشی وتووە، "قسەکانی دکتۆر کەمال کەرکوکی پێچەوانەی رێککەوتنەکانی نێوانمان بوو."
بە وتەی لەتیف شێخ عومەر، ئەو بڕگانەی تایبەتن بە مەسەلەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، گرفتی بۆ رێککەوتنی نێوان ئەوان و پارتی دروستکردووە، وتی، "پارتی نەیانوتوە رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکەین، بەڵام هەنگاوی واقیعی نییە."
دەربارەی نەهاتنە پێشەوەی پارتی بۆ دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک و هەڵوێستی حزبەکەی، وتهبێژی یهكێتی وتوویەتی، "ئێمە رێککەوتنمان هەیە، نەهاتنە پێشەوە پاساو قەبوڵ ناکات، هەردوولامان قەناعەتمان وابووە دانانی پارێزگارێکی کورد، لانی کەم رێگر دەبێت لە پرۆسەی تەعریب."
سەبارەت بەوەی گەرەنتی چییە گەر پارتی و یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک رێکبکەون، بەڵام عەرەب و تورکمان رێگرنەبن لەبەردەم دەستبەکاربوونی ئەو پارێزگارەدا، وتەبێژەکەی یەکێتی وتی، "ئێمە و پارتی رێککەوتین لەسەر کەسێکی یەکێتی بۆ پارێزگار، دواتر هەوڵەکانمان لە رێگەی بەغداوە لەگەڵ عەرەب و تورکمان و کەمایەتییەکانی تردا دەخەینەگەڕ، بۆ رێککەوتن و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک."
بهپێی دهنگی ئهمریكا، هەندێک زانیاری لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە ڕۆژانی داهاتوو بڵاوکراونەتەوە، بەڵام وتەبێژی یەکێتی دەڵێت، "هێشتا وادەی کۆبوونەوە دانەنراوە، بەڵام پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ پارتی هەیە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەکاتی خۆیاندا."
راشیگهیاند، گەر ئەو قەناعەتەیان لا دروستببێت کە پارتی رێککەوتنەکانی نێوانیان جێبەجێ دەکات، بەشداری لە بۆنەی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا دەکەن و وتی، "ئێمە بە پەرۆشی و دڵسۆزییەکی گەورەوە لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتدا بەشداردەبین، گەر ئەو قەناعەتەمان لا دروستببێت کە پارتی رێککەوتنەکان جێبەجێ دەکات."
