ئێران هەڕەشە لە ترەمپ دەکات: ئەگەر شەڕ ڕووبدات ڕێڕوێکی تاریک چاوەڕێتان دەکات.
ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسداران، لیوا موحسین ڕەزایی، ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٤ی ئایاری ٢٠٢٦) هۆشداری توندی دایە سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سوپای وڵاتەکەی لە ئەنجامدانی هەر سەرکێشییەکی سەربازی دژی تاران، و ڕایگەیاند کە هەر شەڕێک بەرپاببێت دەبێتە هۆی ململانێیەکی بەربڵاو کە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی ناوچەکە دەگرێتەوە.
ڕەزایی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد: “ترەمپ و سوپای ئەمریکا لە ئێستادا لە بنبەستێکی تەواودا دەژین، ئەگەر بێنە ناو شەڕەوە، ڕووبەڕووی ڕێڕوێکی تاریک و بێبڕانەوە دەبنەوە کە لە گەرووی هورمزەوە دەستپێدەکات و بە کەنداو، دەریای عەممان و باب المندب-دا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە زەریای هیندی.”
ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران ڕوونیکردەوە: “گەرووی هورمز بە ڕووی بازرگانی ئازاددا دانەخراوە، بەڵکو بە ڕووی جووڵە سەربازییەکان و هەوڵەکانی هەڵگیرساندنی شەڕدا داخراوە،” وتیشی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە ئێستادا گەرەنتی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکانی هەموو وڵاتان دەکات دوای ناسینەوە و تۆمارکردنیان.
فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسداران هۆشداری دایە واشنتن و وتی: “لەکاتی ئەنجامدانی هەر کارێکی سەربازی دژی گەرووی هورمز یان هەوڵدان بۆ چوونە ناو کەنداو، کۆماری ئیسلامی وەڵامێکی توند، بەئازار و بێوێنە دەداتەوە.”
ئاشکراشی کرد کە ئێران کار دەکات بۆ شکاندنی هەر گەمارۆیەکی دەریایی کە بسەپێنرێتە سەر ڕێڕەوەکانی، و لەوانەشە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە ئەگەر هاتو ململانێکان پەرەبسێنن.
جێی ئاماژەیە، ناوچەکە ماوەی چەند هەفتەیەکە گرژیی و ئاڵۆزییەکی بێوێنە بەخۆوە دەبینێت لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە دەوروبەری گەرووی هورمز و باب المندب، کە دوو لە گرنگترین ڕێڕەوە زیندووەکانی گواستنەوەی نەوت و بازرگانی جیهانین.
